حكومەتی عێراق: زیاتر لەدوو تریلیۆن دینار لەهەڵمەتی گەندەڵكاران گەڕێندراوەتەوە

ئابوری

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشكرایكرد، لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵیدا زیاتر لەدوو تریلیۆن و 680 ملیار دینارو زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار گەڕێندراوەتەوە.


حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بەمیدیای فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، هەڵمەتی حکومەت ناسراو بەئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان نەوەستاوە، ئەنجامەکانیشی بەڕونی لەرێگەی ئەو بڕیارە دادوەرییانەوە دەرکەوتون کە دژی تاوانباران دەرچون، لەناویاندا کەسانی سیاسی، پەرلەمانتارو کەسایەتییە ناسراوەکان.

حەیدەر عەبودی وتی،" ئەنجام و ئاماژەکانی ئەم هەڵمەتە لە 23 ساڵی ڕابردوداو لەساڵی 2003ـەوە وێنەی نەبوە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەم ئەرکەدا بەتەواوکاری لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان کار دەکات، چونکە حکومەت بەتەنهاو بەبێ ئەو هاوئاهەنگییە ناتوانێت ئەم دۆسیەیە بەئەنجام بگەیێنێت.

سەبارەت بەبڕی ئەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە و گەڕێندراوەتەوە، وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی،" ئەو پارەیەی لە تۆمەتبارانی گەندەڵی وەرگیراوەتەوە، گەیشتوەتە زیاتر لەدوو تریلیۆن و 680 ملیار دینار، سەرەڕای زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار".

بەوتەی حەیدەر عەبودی، سەرجەم ئەو پارەیە دەخرێنە ناو (هەژماری نەوەکان) کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگیر کراوە و وتیشی،" هەژمارەکە دەبێتە ئاراستەیەک بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوی نەوەکان و پاڵپشتییەکی دارایی دەبێت بۆ داهاتە نەوتییەکان و گەنجینەی دەوڵەت".