خوێندەواری نەخوێندەوار !!

مەلەفی تایبەت

20/03/2024‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

عمر مصطفی محمد – مامۆستای زانكۆ
خوێندەواری ئەو چەمكەی كە بۆ هەر یەكەمان مانایەكی هەیە ، هەندێ جار جیاكاری كۆمەڵایەتی یاخود جیاكاری ئابوری تەنانەت زۆر جار بۆتە هۆكاری دروستكردنی چینایەتی كۆمەڵایەتیش لە لای بەشێك لە خوێندەوارەكان. لێرەدا كۆمەڵێك پرسیاری سەرەكی هەیە كە دەبێت وەڵامیان بدەینەوە ئەوانیش ئەمانەن :-
خوێندەواری چیە ؟
خوێندەوار كێیە ؟
خوێندەواری چی گۆڕانكاریەك لە ژیانی مرۆڤەكان دروست دەكات ؟
بۆچی خوێندەواری لە هەندێك كۆمەڵگاكان گۆڕانكاری دروست دەكات لە هەندێكیتر كاریگەری كەمترە؟
تێڕوانینی تازە و سەردەمیانە چیە بۆ خوێندەواری؟
ڕەنگە بۆ ئێمە جێگەی سەرنج بێت کە بزانن چەمکی خوێندەواری چیە و  ئەو گۆڕاكاریە بنەڕەتیانە چین كە بەسەریداهاتوە ،سەبارەت بە  پێناسەی خوێندەواریی ڕەنگە هەریەكەمان بە پێی باكگراوندی مەعریفی خۆمان تێڕوانینێكم هەبێت سەبارەت بە چەمكی خوێندەواری بەڵام گرنگترین تێڕوانێن بریتیە لە پێناسەی ڕێكخراوی  پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان( یونیسكۆ ) .
ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە مێژوی دروست بونیەوە تا ئێستا چوار جار پێناسەی خوێندەواری كردوە بەم شێوەی لای خوارەوە .
پێناسەی یەکەم:-
توانای خوێندنەوە و نووسین
 یەکەم پێناسەی خوێندەواری بوو کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پێشکەش کرا، تەنیا لەسەر توانای خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایکی بوو. بە پێی ئەم پێناسەیە، مرۆڤی خوێندەوار بە توانای خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایکی دەناسرایەوە .
پێناسەی دووەم:-
فێربوونی کۆمپیوتەر و زمانێکی بیانی
لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسەی دووەمی بۆ خوێندەواری پێشکەش کرد. لەم پێناسە نوێیەدا، جگە لە توانای خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایک، توانای بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و فێربوونی زمانێکی بیانی زیادکرا. بەم شێوەیە ئەو کەسانەی کە توانای خوێندنەوە و نووسین و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و قسەکردن و تێگەیشتنیان لە زمانێکی بیانی هەبووە، پێیان دەگوترا خوێندەوار.
وەک یاسایەک بە پێی ئەم پێناسەیە بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ و  مامۆستاكانی زانكۆش بە نەخوێندەوار دادەنرێت، چونکە زانینی زمانی بیانی لە لای زۆربەی خوێندەوارەكانی ئێمە بە باشی بەدی ناكرێت.
پێناسەی سێیەم:-
زیادکردنی ١٢ جۆر خوێندەواری: -
لە دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، نەتەوە یەکگرتووەکان دیسان چەمکی خوێندەواری گۆڕی. لەم پێناسە سێیەمەدا، سروشتی خوێندەواری بەتەواوی گۆڕدرا. چەندین جۆر کارامەیی ڕاگەیەندرا کە هەبوونی ئەم توانا و لێهاتووییانەی وەک نموونەی خوێندەواربوون هەژمار دەکرا ، گرنگترین جۆرەكانی خوێندەواری بە پێی ئەم پێناسەیە ئەمانەی لای خوارەوەن :-
-خوێندەواری سۆزداری: توانای دامەزراندنی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان
-خوێندەواری پەیوەندیکردن: توانای پەیوەندیکردن بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ کەسانی دیکە و زانینی ئەتەکێتی کۆمەڵایەتی
-خوێندەواری دارایی: توانای بەڕێوەبردنی دارایی خێزان، زانینی شێوازەکانی پاشەکەوتکردن و هاوسەنگکردنی داهات و خەرجییەکان
-خوێندەواری میدیا: زانینی ئەوەی کام میدیا ڕەوایە و کامیان نادروستە.
-خوێندەواری پەروەردەیی: توانای پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەیەکی گونجاو
-خوێندەواری کۆمپیوتەر: زانینی تواناکانی بەڕێوەبردنی کۆمپیوتەر
-خوێندەواری تەندروستی: زانینی زانیاری گرنگ سەبارەت بە خواردنی تەندروست و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی
-خوێندەواری ڕەگەزی و نەتەوەیی: ناسینی ڕەگەز و نەتەوەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و جیاکاری نەکردن.
-خوێندەواری ئیکۆلۆژی: زانینی ڕێگاکانی پاراستنی ژینگە
-خوێندەواری شیکاری: توانای ناسینەوە و هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تیۆرییە جیاوازەکان و دروستکردنی ئارگومێنتی لۆژیکی بەبێ پێشوەختە و پێشبینی پێشوەختە
-خوێندەواری وزە: توانای بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە
-خوێندەواری زانستی: جگە لە خوێندەواری ئەکادیمی، توانای گفتوگۆکردن یان چارەسەرکردنی کێشەکان بە چارەسەری زانستی و عەقڵانی گونجاو
چوارەم پێناسە :- نوێترین پێناسەی خوێندەواری بەپێی ڕێكخراوی یونسکۆ:-
بریتیە لە توانای "گۆڕانکاری" و خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێت بەو شتانەی فێری بووە گۆڕانکاری لە ژیانی ئابوری و كۆمەڵایەتی دروست بکات)
بە پێی تازەترین پێناسەی یونیسكۆ بێت تەنانەت بەشێكی زۆر لە خاوەن بڕوانامە بەرزەكانیش ناتوانن دوای تەوكردنی خوێندنەكەیان گۆڕنكاری ئابوری و كۆمەڵایەتی لە ژیانیاندا دروست بكەن . بەشێكی زۆری هۆكارەكە بۆ بنیاد و ستراكتەری سیستەمی پەروەردەو فێركردن دەگەڕیتەوە لەبەر ئەوەی تا ئێستاش پڕكتیزەكردنی زانست بە شێوەیەكی باش نەهاتۆتە ناو سیستەمی پەروەدەوە .
بە پێی نوێترین پێناسەی خوێندەواری زانست لەگەڵ پراکتیکدا مانادار دەبێت.
"یونسکۆ" جارێکی دیکە پێناسەی خوێندەواری گۆڕی. لەم پێناسە نوێیەدا توانای دروستکردنی گۆڕانکاری بە پێوەرێکی خوێندەواری دادەنرێت، واتە کەسێکی خوێندەوار بە بەکارهێنانی ئەوەی خوێندوویەتیەوە و فێری بووە، بتوانێت گۆڕانکاری لە ژیانیدا بکات. لە ڕاستیدا ئەم پێناسەیە تەواوکەری پێناسەی پێشووترە چونکە تەنها ناسینی بابەتێک بە مانای کارکردن لەسەری نییە. ئەگەر ئەو لێهاتوویی و زانستەی فێربووە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی مانادار لە ژیاندا، ئەوا دەتوانرێت بڵێین ئەم کەسە کەسێکی خوێندەوارە.
پەیوەندی نێوان خوێندەواری و نەخوێندەواری ئاڵۆز و فرەلایەنە. لە ناوەڕۆکدا، خوێندەواری ئامرازێکی بنەڕەتییە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، پەیوەندیکردنی کاریگەر و بەشداریکردن لە هێزی کاردا. ئەو کەسانەی کە خوێندەوارن بە مانا تازە و سەردەمێكەی ئەگەری سەرکەوتنیان زیاترە لە بواری ئەکادیمی و دامەزراندن و کارلێکی کۆمەڵایەتیدا. لە بەرامبەردا نەخوێندەواری دەتوانێت ببێتە هۆی سنوورداربوونی دەرفەتی خوێندن و دامەزراندن، گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و سەرچاوە گرنگەکان.
بۆچی خوێندەواری ئێمە ژیانمان ناگۆڕێت؟
جێگای سەرنجە بزانین کە فێربوون لە دەقەکانی دەروونناسیدا بە دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بەردەوام لە ڕەفتاردا پێناسە دەکرێت. کەواتە گۆڕینی ڕەفتار گرنگترین پێکهاتەی خوێندەواربوونە.بە مانایەكیتر سیستەمی پەروەردەو فێركدنی ئێمە توانای گۆڕینی ڕەفتاری زۆر كەمە بۆیە كەمتر دەتوانێت گۆڕانكاری ئابوری و كۆمەڵایەتی دروست بكات لە ژیانمانی .