لە جەژندا 500 هەزار گەشتیار سەردانی ئامەدیان كردووە

کوردستان

15/04/2024‌ 232 جار خوێندراوه‌ته‌وه


پارێزگای ئامەد لە باكووری كوردستان یەکێکە لەو پارێزگایانەی بە بوونی کولتوورێکی دەوڵەمەند لە ڕێزی پێشەوە دێت کە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئانادۆڵو، گەشتیارێکی زۆر لە سەرانسەری تورکیاوە بە مەبەستی بینینی ئەو کولتوورە دەوڵەمەندە و بەهاکانی ئایینی، ڕوویان لە ئامەد کردووە.

شوێنە مێژووییەکانی وەک، مۆزەخانەی ئیچکالا، مزگەوتی گەورەی مێژوویی، پردی ئۆن گوزلو، کلێسا نۆژەنکراوەکان کە هەموویان لە لیستی کەلەپووری یۆنسکۆدان، سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

بەشێکی زۆر لە سەردانیکاران بە هۆی پڕبوونی هۆتێل و میوانخانەکان ناچاربوون پەنابەرنە بەر ناوچەکانی دەوروبەر و لەوێ بمێننەوە.

بازاڕی جگەر و شیرینی قەدایفیش گەرم بوو کە بە دوو خواردنی ناوازی شارەکە دەناسرێت و خەڵکێکی زۆر لە نۆرەی خواردندا وەستابوون.

هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران، هەم بووە جێی سەرسووڕامانی بەرپرسانی گەشتیاری و هەم دڵخۆشی خەڵکی بازاڕی لێکەوتەوە.

سەرۆکی سەندیکای گەشتیاریی و خاوەن هۆتێلەکان دەنیز گولەر ڕایگەیاند کە، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران هەموو لایەکی دڵخۆش کردووە.

گوتیشی، "لە جەژنەکانی پێشوودا هۆتێلەکان قەرەباڵغییان پێوە دیار بوو، ئەمجارە بە تەواوی هەموویان پڕ بوون".

هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی دەستەی نوێنەرایەتیی ناوچەی میزیۆپۆتامیا لە یەکێتی زانیارینامە گەشتیارییەکانی تورکیا (TÜRSAB)، سەردار باتورای ڕایگەیاند، هاتنی ئەو ژمارەی زۆرەی گەشتیاران بۆ ناوچەکە لە سەرووی چاوەڕوانییەکانەوە بووە.

باتورای گوتیشی، ژمارەی گەشتیاران ٥٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ئەوەش لە مێژووی شارەکەدا بێ وێنە بووە.