بەغدا داوای 900 ملیار دینار دەکات هەرێمیش دەڵێت 700 ملیار دینارمان پێیە

کوردستان

26/04/2024‌ 816 جار خوێندراوه‌ته‌وه


وەزارەتى دارایی عێراق داواى لە هەرێمى کوردستان کردووە زیاتر لە 905 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیی دوو مانگ رادەست بکەن، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەڵە لە نووسراوێکیاندا کراوە، بۆ ئەم مەبەستە شاندێکی تەکنیکی دەنێرێت بۆ بەغدا.

شاندەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەفتەی داهاتوو دەچێتە بەغدا، بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتەکەش "کێشەى ئەو بڕە پارەیە لەوەدا بووە کە بە هەڵە پارەى سپاردەى بانکەکان، قەرزى کارەبا، هاوکاریى هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لەگەڵى هەژمارکراوە و نێردراوە بۆ بەغدا. بە جیاکردنەوەى ئەو پارانە، داهاتى ئەو دوو مانگە نزیکەى 700 ملیار دینارە".

وەزارەتی دارایی عێراق، داوای کردووە، ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژمارى بانکیى تایبەت بەو داهاتە لە بانکى ناوەندى، ژمارەکەش وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەسەر بنەماى نووسراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بووە، کە بە ژمارە (3075) لە رۆژی 28-03-2024 بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە.