مێژساڵە ئەم بابەتە زۆرترین گفتوگۆی بەدوای خۆیدا پەلکێش کردووە لەلایەن دەروونناسان، پەروەردەناسان و زانایانی بواری جینات، هاوکات زۆرێک هەڵوەدای وەڵامی ئەم پرسەن. بیرۆکەی ئەوەی کە منداڵ وەک پەڕەیەکی سپی لەدایک دەبێت (blank slate) لە ڕوانگەی فەلسەفی (جۆن لۆک) ـەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دەڵێت عەقڵی مرۆڤ وەک لاپەڕەیەکی سپی دەست پێدەکات، هەموو زانین و ڕەفتارێک بە ئەزموون و فێربوون لە قاڵب دەدرێت، تا ئێڕە هەموان دەیزانین و تەنیا توێژاڵی تیۆرەکەیە. ئەم بۆچوونە جەخت لەسەر ڕۆڵی ژینگە دەکاتەوە لە داڕشتنی گەشەی منداڵدا، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە منداڵان بە تەواوی نەرم و نیان و سیفەت و توانا و زیرەکییان بە پەروەردە و کولتوور دیاریدەکرێت. بەڵام لێکۆڵینەوە مۆدێرنەکان لە بواری دەروونناسی، زانستی دەمار و جینات وێنەیەکی ئاڵۆزتر دەخەنە ڕوو و تێفکرینی جیاوازیان هەیە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە لە کاتێکدا ئەزموون گرینگە، بەڵام منداڵان لە کاتی لەدایکبووندا بە تەواوی پەڕەی سپی نین. بەڵکو بە هەندێک مەیلی زگماکی لەدایک دەبن کە کارلێک لەگەڵ هۆکارە ژینگەییەکان دەکەن بۆ ئەوەی گەشەکردنیان لە قاڵب بدەن. لێرەوە بەبێ هیچ لایەنگرییەک بە وردی کۆمەڵێک پرس دەوروژێنم بە نۆرە، پتر بەڵگە و ئارگیۆمێنتی ئەکادیمی دەخەمەڕوو بۆ وەڵامگۆی پرسەکانم ، کە بریتین لە:
ئایا منداڵ پەڕەی سپییە؟
ئەو ئارگیۆمێنتانە چین کە پشتگیری تیۆری پەڕەی سپی منداڵ دەکەن؟
ئەو ئارگیۆمێنتانە چین کە دژی تیۆری پەڕەی سپی منداڵن؟
ڕوانگەی مۆدێرن چییە لەسەر ئەم تیۆرە؟
ئەگەر منداڵ پەڕەی سپی نییە، کاریگەری ئێمە چییە لەو نێوەندەدا؟
ئەو زانایەنە کێن کە پاڵپشتی تیۆری پەڕەی سپی دەکەن و ئەوانەش کێن کە دژی ئەم تیۆرەن؟
لایەنگرانی ئەم تیۆرە دەڵێن منداڵی تازە لەدایکبوو لە کاتی لەدایکبوونیدا خاوەنی زانست و زمان و تێگەیشتنی ئەخلاقی نییە. بەڵکو ئەم توانایانە لە ڕێگەی کارلێککردن لەگەڵ چاودێران و کۆمەڵگا گەشە دەکەن. بۆ نموونە فێربوونی زمان بە تەواوی پەیوەستە بە بەرکەوتن بە وشەی قسەکراو و ئەو منداڵانەی لە کولتوورە جیاوازەکاندا پەروەردە دەکرێن، پەرە بە زمان و بیروباوەڕ و داب و نەریتی جیاواز دەدەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەفتاری مرۆڤ پێشوەختە بەرنامە بۆ داڕێژراو نییە بەڵکو لە ڕێگەی کاریگەرییە ژینگەییەکانەوە فێردەبێت.
ئەو ئارگیۆمێنتانە چین کە پشتگیری تیۆری پەڕەی سپی منداڵ دەکەن؟
بەڵگەی توێژینەوە
سکینەر (١٩٥٧) – ڕەفتاری زارەکی
سکینەر دەیگوت: زمان لە ڕێگەی بەهێزکردن و تەقلیدکردنەوە فێردەبێت. ئەو پێیوابوو کە کۆرپە توانای ئاخافتنیان نییە بەڵکو لە ڕێگەی مەرجکردنەوە فێردەبن- دایک و باوک قسە دەکەن منداڵیش لاسای دەکاتەوە.
نموونە: منداڵێک کە لە ماڵێکی ئینگلیزی قسەکەردا پەروەردە کراوە فێری زمانی ئینگلیزی دەبێت، لە کاتێکدا منداڵێک لە ماڵێکی چینی زمان فێری زمانی چینی دەبێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زمان لە ڕێگەی بەرکەوتنی ژینگەییەوە بەدەست دەهێنرێت نەک جیناتیک.
ئەلبێرت باندورا (1977) – تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی
باندورا جەختی لەوە کردەوە کە منداڵان لە ڕێگەی چاودێریکردن و تەقلیدکردنی کەسانی دیکە فێر دەبن، نەک بە ڕەفتارەکانی پێشوەختە لەدایک ببن.
نموونە: ئەگەر منداڵێک لە ماڵێکی شەڕانگێزدا گەورە بوو، ئەگەری ئەوە زیاترە کە ڕەفتاری شەڕانگێزی پەرە پێبدات، ئەمەش ئەو بیرۆکەیە بەهێز دەکات کە ڕەفتار فێردەبێت نەک زگماکی.
توێژینەوەی جینی، کەیسی منداڵی دڕ
جینی منداڵێک بوو کە بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە بەرکەوتنی مرۆڤ دابڕابوو. کاتێک دۆزرایەوە توانای جڤاکی لاواز بوو، نەیدەتوانی کارلێکی کۆمەڵایەتی بکات و بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکات. سەرەڕای هەوڵەکانی فێرکردنی زمانەکەی لە دواتردا لە ژیانیدا، هەرگیز بە تەواوی بەدەستی نەهێناوە، هاوکات سیفەتی دڕی لە کەسایەتیدا زاڵ بوو و مرۆڤی وەکو نەیار دەڕوانی، ئەمەش پشتگیری لە گریمانەی قۆناغێکی گرینگ دەکات، کە دەڵێت هەندێک توانا تەنها بە زانیاری ژینگەیی دروست دەتوانن گەشە بکەن.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەبێ بەرکەوتن بە زمان و کۆمەڵایەتیبوون، هەندێک توانای مرۆیی گەشە ناکەن، ئەمەش بیرۆکەکەی لۆک سەبارەت بە عەقڵ وەک پەڕەیەکی سپی بەهێزتر دەکات.
لەکاتێکدا کە ئەزموون بەبێ ئینکاری گەشەکردنی منداڵ لە قاڵب دەدات، لێکۆڵینەوە مۆدێرنەکان تەحەدای ئەو بیرۆکەیە دەکەن کە منداڵان بەبێ هیچ مەیلی زگماکی لەدایک دەبن. لێکۆڵینەوەکان لە بواری جیناتدا ئاماژە بەوە دەکەن کە سیفەتەکانی وەک زیرەکی و میزاج و تەنانەت هەندێک بەهرە لە ژێر کاریگەری بۆماوەییدان. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەکانی دوانە دەریانخستووە کە دوانە هاوشێوەکان کە لە ژینگە جیاوازەکاندا پەروەردە دەکرێن زۆرجار لێکچوونی سەرنجڕاکێش لە کەسایەتی و توانا مەعریفیەکان و تەنانەت هەڵبژاردنی ژیاندا نیشان دەدەن، ئەمەش پێشنیاری پێکهاتەیەکی بۆماوەیی بەهێز دەکات لە گەشەکردنی مرۆڤدا. جگە لەوەش، ڕەفتاری تازەلەدایکبووان بەڵگەی ئەوە دەدەن کە کۆرپە بە تەواوی تەختەی سپی نین. کۆرپە حەزی لە دەموچاوی مرۆڤە بەسەر شتەکانی تردا، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە توانای زگماکییان هەیە بۆ ناسینەوەی هاندەرە کۆمەڵایەتییەکان.
ئێستە نۆرەی خستنەڕووی ئەو بەڵگانەیە کە دژی ئەم تیۆرەن و بڕوایان وایە بەشێکی گەورە لە جوڵە، ڕەفتار و مەعریفەی منداڵ لە جیناتدایە، خواڕسکە و سکماگییە.
ئەو ئارگومێنتانەی دژی تیۆری پەڕەی سپین.
زانستی دەمار و جیناتی مۆدێرن پێچەوانەی ئەو بیرۆکەیەن کە مرۆڤ بەبێ هیچ تایبەتمەندییەکی زگماکی لەدایک دەبێت. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە کۆرپە بە پێکهاتەی مەعریفی و مەیلی بۆماوەیی و غەریزەی بایۆلۆژی لەدایک دەبێت کە ڕێنمایی گەشەکردن دەکات.
بەڵگەی توێژینەوە
ستیڤن پینکەر (٢٠٠٢): ئینکاری مۆدێرن لە سروشتی مرۆڤ
پینکەر دەڵێت تیۆری پەڕەی سپی بەسەرچووە و مرۆڤەکان بە تایبەتمەندی و هەست و مەیلی زگماکی لەدایک دەبن. ئەو بەڵگەی دەروونناسی پەرەسەندن دەهێنێتەوە کە دەریدەخات مرۆڤەکان غەریزەی مانەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تەنانەت حوکمدانی ئەخلاقیشیان هەیە.
نموونە: کۆرپە تازە لەدایکبووەکان سەیرکردنی دەموچاوی مرۆڤیان پێ باشترە بەسەر شتەکانی تردا، ئەمەش پێشنیاری پەسەندکردنی کۆمەڵایەتی زگماکی دەکات نەک فێربوون.
نوام چۆمسکی (١٩٦٥) – لایەنەکانی تیۆری ڕستەسازی
چۆمسکی بیرۆکەی فێربوونی زمانی سکینەری تەحەدا کرد و پێشنیاری کرد کە مرۆڤەکان بە "ڕێزمانی گشتگیر" لەدایک دەبن- کۆمەڵێک یاسا کە فێربوونی زمان دەکاتە مومکین.
نموونە: هەموو منداڵان بەبێ گوێدانە کولتوورێک، بە قۆناغی هاوشێوەی گەشەکردنی زماندا تێدەپەڕن (دەنگ، لاسایکردنەوە، تاکە وشە، جوتە وشە، ڕستە). ئەمەش ئەوە دەردەخات کە توانای زمان لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بەرنامە بۆ داڕێژراوە نەک تەنیا فێربوون.
توێژینەوەی دوانە – کاریگەری سروشت لەسەر ڕەفتار
لە لێکۆڵینەوەیەکی بەناوبانگی تۆماس بوچارد (1990)دا، دوانەیەک کە لە کاتی لەدایکبووندا جیابوونەتەوە، ئارەزوو و خوو و تەنانەت هەڵبژاردنی پیشەیان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هاوشێوە بووە، ئەمەش ڕۆڵی جینات لە داڕشتنی کەسایەتی و زیرەکیدا دەخاتە ڕوو.
ڕوانگەی مۆدێرن
لەبری ئەوەی گەشەکردن وەک تەنها دەرئەنجامی سروشت یان پەروەردەکردن سەیر بکات، دەروونناسی مۆدێرن دیدێکی کارلێککەر لە باوەش دەگرێت، دان بەوەدا دەنێت کە هەردوو مەیلی بۆماوەیی و کاریگەرییە ژینگەییەکان پێکەوە کاردەکەن لە داڕشتنی پێکهاتە مەعریفییەکانی منداڵ. لە کاتێکدا کە منداڵ ڕەنگە هەندێک تایبەتمەندی کەسایەتی، ئاستی زیرەکی، یان تەنانەت مەیلی بۆ حاڵەتەکانی تەندروستی دەروونی بە میرات بگرێت، بەڵام شێوازی دەرکەوتنی ئەم سیفەتانە بەندە بە ئەزموونەکانی ژیانەوە.
مایکل مینی (2004) – ئێپی جینێتیک و چاودێری دایکان
توێژینەوەکانی مینی دەریخستووە کە ئەو بەچکە مشکانەی کە لەلایەن دایکانی پەروەردەکارەوە بەخێو دەکرێن ئاستی فشاری دەروونی کەمتر بووە، لەکاتێکدا ئەوانەی لەلایەن دایکانی کەمتەرخەمەوە بەخێوکراون وەڵامی فشاری دەروونییان بەرزترە.
نموونە: ئەمە نیشان دەدات کە لە کاتێکدا کە جینەکان ڕەنگە هەستیاری فشار دیاری بکەن، ئەزموونە سەرەتاییەکان (پەروەردەکردن) دەتوانن گۆڕانکاری بەسەر توانا سکماکییەکاندا بهێنن.
لە کاتێکدا تیۆری پەڕەی سپی جۆن لۆک کاریگەری مەزنی هەبوو لە تێگەیشتنمان لە گرنگی فێربوون و ژینگە، زانستی مۆدێرن پێشنیاری ئەوە دەکات کە منداڵان لە کاتی لەدایکبووندا بە تەواوی پەڕەی سپی نین. بەڵکو بە مەیلی بۆماوەیی و زگماکی و هەندێک توانای مەعریفی بنەڕەتی لەدایک دەبن، کە دواتر بەهۆی ئەزموونەکانیان و ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە لە قاڵب دەدرێن.
ئەمە تەواوی ئەو بەدواداچوونانەی من بوون لەسەر ئەم کەیسە، لێرەوە ئەنجام و قسەی کۆتایی بۆ تۆ جێدەهێڵم و دەپرسم. ئایا تۆ پشتگیری کام بیروڕا دەکەی؟
هیوا زێڕە
لێکۆڵەری پەروەردەیی
