بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع وه‌فدى ڕۆژئاواى كوردستان گەیشتە دیمەشق

کوردستان

31/05/2025‌ 3639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتنی 10ی ئادارى ئه‌مساڵ کە لەنێوان سەرکردایەتی هەسەدەو دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆکرابوو، وه‌فدێكى ئیدارەی خۆسەر گەیشتە دیمەشق.


میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردوەتەوە، وه‌فده‌كه‌ پێکهاتوە لەئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە لە 12ی نیسان پێکهێنرابوو ئەوانیش بریتین لە: فەوزە یوسف، عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسوم‌و سوزدار حاجی، وتەبێژی لیژنەکەش بریتین لەمەریەم ئیبراهیم‌و یاسر سلێمان.

ئەم سەردانە دوابەدوای سێ کۆبونەوەی هەماهەنگی دێت کە لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو، لایەنەکان هەوڵدەدەن گفتوگۆکان بەهێزتر بکەن‌و سەقامگیریی لەناوچەکەدا بەجێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار بەدەستبهێنن.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ وه‌فدى ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق گفتوگۆ بکەن.