تا شەش مانگی دیكه‌ هیچ فڕۆکەیەکی عێراقی ناتوانێت گەشتی هەبێ بۆ وڵاتانی ئەوروپا

عیراق

04/06/2025‌ 5486 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا ئاشكرایكردوه‌، ئەوروپا شەش مانگی تر قەدەغەی سەر هێڵی ئاسمانی عێراقیە درێژکردوه‌ته‌وه‌، لەسەر ڕاپۆرتی پشکنەرانی ئەوروپی، ده‌شڵێت:"ئەوروپا بۆ جارێکی تر سزای قەدەغەی سەر هێڵی ئاسمانی عێراقیەی درێژکردەوەو تا شەش مانگی تر هیچ فڕۆکەیەکی عێراقیە ناتوانێت گەشتی هەبێ بۆ وڵاتانی ئەوروپا".


كاروان یاوه‌ریس په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا ڕایگه‌یاند، "یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی نەبونی مەرجەکانی سەلامەتی‌و پابەندنەبون بەڕێنمایی‌و پێوەرە جیهانیە کارپێکراوەکانی فڕۆکەوانی مەدەنی‌و خراپی فڕۆکەخانەکان‌و کۆمەڵێ هۆکاری تر، ماوەیەکی زۆرە هەموو گەشتێکی هێڵی ئاسمانی عێراقیەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا قەدەغەکردوە".

ئه‌وه‌شى وت:"لەساڵی ڕابردودا سەرۆک وەزیرانی عێراق بەنگین رَێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ڕاسپارد بەوەکالەت دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بەرێوەببات تا بتوانێ هەموو مەرج‌و داواکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێبکات بۆ ئه‌وه‌ى سزای سەر عێراق هەڵبگرن".

ده‌شڵێت:"سەرباری پێیدانی دەسەڵاتێکی زۆرو پێدانی ئیستیسنا، لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بۆ بەشی زۆری گرێبەست‌و پڕۆژەکانی کەرتی فڕۆکەوانی مەدەنی‌و گەڕاندنەوەی بەڕێوەبەری لەکارلابراوی هێڵی ئاسمانی عێراقیەو خەرجکردنی پارەیەکی زۆرو ئیمزاکردنی گرێبەستی جۆراوجۆر کە هەندێکی دەستەی دەستپاکی‌و پەرلەمان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، کەچی عێراق شکستیهێنا لەڕازیکردنی پشکنەرانی ئەوروپا بۆ هەڵگرتنی سزای قەدەغەی گەشتەکانی هێڵی عێراقیە".

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "پێشتر چەندجارێک بەنوسراوی ڕەسمی‌و بەئیمزای دەیان پەرلەمانتار، سەرۆک وەزیرانمان ئاگادارکرده‌وه‌ کە خراپ بەرێوەبردن‌و گەندەڵی‌و گرێبەستی جۆراوجۆر کە بەهاکەیان سەدان ملیۆن دۆلاربوە ئیمزاکراون بەبیانوی لابردنی سزای ئەوروپی، کە دوا نوسراویان ڕۆژی 3ى 5ى ئه‌مساڵ بوو".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "درێژکردنەوەی سزاکان لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، کاریگەریی لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو هێڵی ئاسمانی عێراقیە یەکێکبوە لەهێڵە باشەکان لەجیهاندا".