پزیشكیان چى به‌ماكرۆن وت؟

جیهان

21/06/2025‌ 6425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک کۆماری ئێران بەسەرۆک کۆماری فەرەنسای ڕاگەیاندوه‌، توانا موشەکییەکانمان بۆ دانوستان نین، هەروەها لەهیچ دۆخێکدا ڕێگە بەکەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر، نادەین.


مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بەتەلەفۆن قسەیکرد.

لەڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتوە، "پزیشکیان بەهاوتا فەرەنسییەکەی ڕاگەیاندوە، ئێران دەستبەرداری مافی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی نابێت، ئەویش بەپشتبەستن بەیاسا نێودەوڵەتییەکان مافی خۆیەتی ئەوکارە بکات".

جەختی لەوەشکردەوە، "لەهیچ بارودۆخێکدا کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی سفر قبوڵناکەین، مافەکان بەشەڕو هەڕەشە بەدەستناهێنرێن".

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی:"لەئەگەری بەردەوامبونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان، وەڵامەکانی ئێمەش توندتر دەبن".

سەرۆک کۆماری فەرەنساش وتویه‌تى، وڵاتەکەی بەشداریی لەهێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردوەو پشتیوانیشی ناکات.

دەشڵێت:"هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی یان ئەتۆمییەکان جێگەی قبوڵ نییە.

پێشتر ماکرۆن لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبوی، لەهەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەی دیپلۆماسی بۆ کێشەی ئێران‌و ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، دڵنیام کە ڕێگەیەک هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕو دورکەوتنەوە لەمەترسی گەورەتر، کار بۆ رێکخستنی ئەم دانوستانە خێراتر دەکەن کە فەرەنساو هاوبەشە ئەوروپیەکانی لەگەڵ ئێران بەڕێوەی دەبەن.

جەختی لەوەشکردبوەوە، ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت‌و دەشبێت دڵنیایی تەواو بدات کە بەرنامەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاربهێنێت.

بەپەلە