شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی ئەمدواییەی ئیسرائیلی ترسی قوڵی لەلای هەریەک لەمیسرو ئوردن سەبارەت بەدرووستبونی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" کە ئیسرائیل تێیدا باڵادەست بێت دروستکردوە، بەتایبەت لەدوای جەنگی ئەمدواییە لەگەڵ ئێران.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن دوو توێژەر لەئینستیتیوتی ئیسرائیل بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئامادەکراوەو لەلایەن ڕۆژنامەی هائارتزەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدەکات، قاهیرەو عومان ترسیان هەیە لەکۆنتڕۆڵکردنی هەمەلایەنەی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا، سەرەڕای دڵخۆشییان بەدورکەوتنەوە لەشەڕێکی بەرفراوانی ناوچەیی.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، نیگەرانیی ئەو دوو وڵاتە لەزیانە گریمانکراوەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە سەرچاوە ناگرێت، کە ئەوانیش وەک هەڕەشە تەماشای دەکەن، بەڵکو لەتێڕوانینێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئیسرائیل ڕەنگە هەر سەرکەوتنێکی سەربازیی بقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی سیستەمێکی نوێی ناوچەیی لەبەرژەوەندی خۆیدا.
لەوبارەیەوە، د.محهمهد عهبود پسپۆڕی میسری بۆ کاروباری ئیسرائیل لەلێدوانێکدا لەسەر توێژینەوەکە پێیوایە، ئەو ڕاپۆرتە پەیامی شاراوەی مەترسیدار لەخۆدەگرێت، لەکاتێکدا پێدەچێت ئامۆژگاریی حکومەتی ئیسرائیل بکات کە گرنگی بەنیگەرانییەکانی دراوسێکانی بدات، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە هاوسەنگیی هێز لەبەرژەوەندی ئیسرائیل گۆڕاوە.
بەوتەی عەبود، ڕاپۆرتەکە ئەوە پیشاندەدات کە میسرو ئوردن دەبێ خۆیان لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا بگونجێننو لەگەڵ ئیسرائیلدا هەماهەنگییەکی ئەمنیی فراوانتر بکەن بەبێئەوەی هیچ گەرەنتییەکی ڕاستەقینە لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک دروستکردنی کۆمەڵگەی جولەکەنشین لەکەرتی ڕۆژئاوا، لکاندنی بەئیسرائیل، یان پێگەی قودس بەدەستبهێنن.
هەروەک ڕەخنەی لەپەراوێزخستنی پرسی فەڵەستین لەتوێژینەوەکە دەگرێتو وەک پرسێکی لاوەکیی مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە دەبێت "بەڕێوەببرێت" بۆ ڕێگریکردن لەئاژاوەگێڕیی، هەروەها میسرو ئوردن بەبەرپرسیار دەزانێت لەکۆنتڕۆڵکردنی هەر کاردانەوەیەکی فەڵەستین.
عەبود بەو ئەنجامە گەیشتوە کە ئامانجی ڕاستەقینەی توێژینەوەکە ڕەنگە بەرەوپێشبردنی پڕۆژەیەکی ئیسرائیلی-ئەمریکی بێت کە ئامانجی چەسپاندنی هەژمونی ئیسرائیلە وەک زلهێزێکی سەرەکیی ناوچەیی، لەهەمانکاتدا دەوڵەتانی عەرەبی وەک هاوبەشی لاوەکی لەسیستەمێکدا کە لەلایەن تەلئەبیبەوە بەڕێوەدەبرێت بەپشتیوانیی واشنتۆن، لەهەمانکاتدا بەتەواوی پشتگوێخستنی بنەما عەرەبییەکان وەک چارەسەری دوو دەوڵەتیی بۆ کێشەی فەڵەستین.
