شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، لەئۆپەراسیۆنێکدا لەناو سوریا، گروپێکی سەر بەئێرانیان دەستگیرکردوە کە چەکیان پێبوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "هێزێکی تایبەتیان لەدرەنگانی شەودا لەباشوری سوریا، گروپێکی چەکداریان دەستگیرکردوە کە بۆ بەرژەوەندیی ئێران کاریانکردوە".
ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەپۆستێکی ئێکسدا نوسیویەتی، "ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئیسرائیل لەناوچەکانی (ئوم ئەللوقسو عەین بەسەلی) لەباشوری سوریا، لەلایەن یەکەی لیوای 474ی سەر بەفیرقەی 210، لەگەڵ لێکۆڵەرانی مەیدانی یەکەی 504ی پسپۆڕ لەهەواڵگریی مەیدانی ئەنجامدراوە".
ئاماژە بەوەشدەکات، ئۆپەراسیۆنەکە پشتی بەو زانیارییە هەواڵگرییانەوە بەستبوو کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا کۆکرابونەوەو توانراوه گروپێکی سەر بەئێران دەستگیربكرێن.
ئەدرەعی ئاماژە بەوەشدەکات، لەئۆپەراسیۆنەکەدا، سوپای ئیسرائیل دەستیان بەسەر چەندین چەکو بۆمبو کەرەستەی سەربازیدا گرتوە کە بەدەستی ئێرانییەکانەوە بوە.
جهختیشدهكاتهوه، "سوپای ئیسرائیل لەهەوڵەکانی بەردەوامدەبێت بۆ ڕێگریکردن لەگروپەکانی سوریا کە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هاوڵاتیانی ئیسرائیل، بەتایبەتیش دانیشتوانی جۆلان".
ڕۆژی 13ی مانگى ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی فراوانی کردەسەر ئێرانو جەنگێکی 12 ڕۆژە بەرۆکی ئێرانی گرتو بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لەفەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانو هێزەکانی دیکەی ئێرانو ژمارەیەک زانای ئەتۆمی کوژران.
