سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى قه‌ندیل مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 16390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى قه‌ندیل مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌موو چاوه‌كان لەسەر پرۆسەی ئاشتین، به‌ڵام مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌، هێرشەكانی توركیا بەردەوامن‌و گروپێك لەناو دەوڵەت نایه‌وێ ئاشتیی سەربگرێت"، هۆشداریده‌دات‌و ده‌ڵێت، "ئێمه‌ش مافى خۆمانه‌ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌".


مستەفا قەرەسوو ئەندامی كۆنسەی جێبەجێكاری كەجەكە هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "وێڕای ئەوەی پەكەكە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو كۆتاییهێنان بەخەباتی چەكداریی داوە، بەڵام هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر پێگەكانمان لەهەرێمی كوردستان بەردەوامن".

وتوشیه‌تى، "گەریلاكانی پەكەكە مافی خۆیانە لەبەرامبەر هێرشەكانی سوپای توركیا، بەرگریی لەخۆیان بكەن".

قەرەسوو لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، "بەردەوامیی هێرشەكانی سوپای توركیا ئەوە پیشاندەدات، كەسانێك لەناو دەوڵەتی توركیادا هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەكە دروستبكەن‌و شەڕ لەبەرژەوەندییاندایە نەك ئاشتی".
 
ئەندامەكەی كۆنسەی جێبەجێكاری كەجەكە ئەوەشی وت، ''ئێمە ئەوەی پێویست بوو كردمان، كۆنگرەمان بەست، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو كۆتاییهێنان بەخەباتی چەكداریماندا".

باسی لەوەشكرد، ئێستا هەموو شتێك لای حكومەتی توركیایە، ئەگەر نیازیان هەیە دەبێت پرۆسەكە بەجدى وەربگرن‌و دەستبكەن بەجێبەجێكردنی ئەركەكانیان.
 
لەبارەی ئەوەی تائێستا حكومەتی توركیا ناڵێت ئاشتی، قه‌ره‌سوو جه‌ختیكرده‌وه‌، "حكومه‌ت ده‌ڵێت توركیایەكی بێ تیرۆر، من پێموایه‌ ئەگەر توركیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربكەوێت، 'دەبێت هزر، سیاسەت‌و هەڵوێستەكانی بگۆڕێت، پێویستە هەڵوێست‌و تێگەیشتنی نوێی هەبێت، ئەو قەوانە سواوەی 100 ساڵە دەیڵێن، ئیتر بەسەرچوەو پێویستە زمانێكی تر بۆ مامەڵەكردن بێننە ئاراوه‌".