به‌غدا وه‌ڵامێكى توندى هه‌ولێر ده‌داته‌وه‌.. "هه‌رێم تا ناوه‌ڕاستى 2026 موچه‌ى خه‌ڵكى وه‌رگرتوه‌و دابه‌شى ناكات"

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 32077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رچاوه‌یه‌كى حكومیى له‌حكومه‌تى عێراق، وه‌ڵامى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌داته‌وه‌و ئاشكرایده‌كات، حکومەتی هەولێر تا ناوەڕاستی ساڵی 2026، پارەی پێویستی بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم وەرگرتوە، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سەرمان سوڕماوە لەڕادەی چەواشەکاریی‌و شێواندنی ڕاستییەکان"، ده‌شڵێت:"حکومەتی هەرێم پێشوەختە موچەی وەرگرتوەو ڕەتیدەکاتەوە بیدات به‌موچه‌خۆرانى خۆى".


دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ پێشه‌وا هه‌ورامانى وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم هێرشیكرده‌سه‌ر به‌غداو حكومه‌تى عێراقى تۆمه‌تباركرد به‌بڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم‌و داوایكرد، ئه‌و قسانه‌ى بۆ بكه‌ن به‌عه‌ره‌بى‌و بیخه‌نه‌ به‌رده‌مى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، سه‌رچاوه‌یه‌كى حكومیى عێراق وه‌ڵامی هه‌ورامانى دایه‌وه‌.

ئه‌و سەرچاوە حکومیه‌ى عێراق له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ وتى:"سەرمان سوڕماوە لەڕادەی ئەو چەواشەکاریی‌و شێواندنەی ڕاستییەکان، کە مەبەست لێی بەشەیتانکردنی حکومەتی فیدراڵ‌و هێزە سیاسییەکان‌و خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیارێتی ئەخلاقی‌و یاسایی".

ئه‌وه‌شى وت:"وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێم باس لە چ دەستورو یاساو بڕیارێک دەکات، لەکاتێکدا بەڕۆژی ڕوناک ئەم بنەما یاسایانە پێشێلدەکات".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "بۆچی ڕاشکاو نابێت لەگەڵ ڕۆڵەکانی هەرێم‌و هۆکاری ڕادەستنەکردنی نەوت، ڕون ناکاتەوە کە ڕۆژانە بەقاچاخ دەبرێتە دەرەوەو ساڵانە ملیارەها دۆلاری لێ بەدەستدەهێنن، لەکاتێکدا فەرمانبەران دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتوە".

له‌و زانیاریانه‌ى سه‌رچاوه‌ حكومیه‌كه‌ى عێراق بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، وتى:"لەساڵی 2023وه‌ حکومەتی هەرێم بڕی 20 ترلیۆن دیناری لەبەغدا وەرگرتوە، هەروەها دەستیگرتوە بەسەر داهاتی نەوتی بەبەهای زیاتر لە10 ترلیۆن دینار لەگەڵ داهاتی نانەوتی بەبەهای زیاتر لە10 ترلیۆن دینار کە شایستەی گەنجینەی فیدراڵییە، واتە حکومەتی هەرێم لەماوەی دوو ساڵ‌و نیودا 40 ترلیۆن دیناری بەدەستهێناوە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، "ئەمە لەکاتێکدا موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەسێ ساڵی تەواودا دەگاتە 33 ترلیۆن دینار، واتە حکومەتی هەولێر تا ناوەڕاستی ساڵی 2026، پارەی پێویستی بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم وەرگرتوە، هەموو ئەمانەش به‌گوێره‌ى ئەو ئامارانەیە کە حکومەتی هەرێم دانی پێداناوە".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، "پرسیارە دروستەکە ئەوەیە: پارەی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ کوێ ڕۆیشتوە؟ بۆچی حکومەتی هەرێم پێداگریی لەسەر هێشتنەوەی ئەو پارانە دەکات‌و هاوڵاتیان بێبەشدەکات لەموچەکانیان؟".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى زانیارییه‌كانیدا، سه‌رچاوه‌ حكومیه‌كه‌ى عێراق ڕایگه‌یاند، "حکومەتی هەرێم پێشوەختە موچەی وەرگرتوەو ڕەتیدەکاتەوە بیدات بەوکەسانەی کە شایستەیین، هەروەها حکومەتی هەرێم لەبری ئەوەی موچە بدات بەخەڵک، بەردەوامە لەشێواندنی ڕاستییەکان‌و ساختەکردنی ژمارەکان".

باسى له‌وه‌شكرد، "ئەمە جگەلەوەی حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەپێشێلکردنی دەستورو یاسای بودجە‌و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی‌و هەڕەشە لەکەسانی دیکە دەکات بەئامانجی بەردەوامبون لەبەقاچاخبردنی نەوت، لەبری ئەوەی به‌گوێره‌ى یاسا ڕادەستی بکات".

ڕاشیگه‌یاند، "بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەهەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ڕاستییەکانتان پێناڵێت، هەروەک چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکات بەخۆدزینەوەو جێبەجێنەکردنی ئەوەی دەبێت پابەندبێت پێیوەو یاسا دیاریکردوە".

سه‌رچاوه‌كه‌ وتى، "دەپرسین کام پابەندبونێک جێبەجێکراوە؟ لەماوەی هەفتەیەکدا لەگفتوگۆو گەیشتنی شاندەکان بۆ بەغدا، تائێستا هیچ ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستنەهاتوە، ئەمەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی 115 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەبیانوی ئەوەی ئەم بڕە تەرخانکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی؟".

هه‌ر له‌و زانیاریانه‌دا جه‌ختیكرده‌وه‌، "سەرەڕای ئەوەش حکومەتی فیدراڵی پێشنیازی ئەوەی بۆ شاندەکە کرد کە ئامادەیە تەواوی پێداویستییەکانی هەرێم لەبەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات لەبەرامبەر ڕادەستکردنی سەرجەم نەوتی خاو، بەڵام هەرێم ئەم پێشنیازەی ڕەتکردوه‌تەوە، هەروەها ئامادەنەبوو داهاتی نانەوتی ڕادەستبکات‌و پابەند نەبوە بەخۆجێیکردنی موچەی فەرمانبەران".

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند، "کەواتە، ئەمە چ پابەندبونێکە باسی لێوەدەکەن؟ ناکرێت ڕێگە بەحکومەتی هەولێر بدرێت بەردەوامبێت لەبرسیکردنی هاوڵاتیانی عێراقی لەهەرێم، بۆ مەبەست‌و بەرژەوەندیی سیاسیی‌و حزبیی تایبەتی خۆی".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامى فه‌رمی له‌حكومه‌تى عێراقیشه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرایكرد، نوسینگه‌ى سودانى له‌تاووتوێى ئه‌وه‌دایه‌ چۆن وه‌ڵامى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بده‌نه‌وه‌.