ئۆکرانیا بەرپرسێکی باڵای رووسیای کوشت

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 698 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئۆلیگ کۆژێمیاکۆ، حاکمی هەرێمێکی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا ئەمرۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند،  ژەنەڕاڵ میخائیل گودکۆڤ، جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی ڕووسیا و فەرماندەی یەکێک لە لیوا شەڕکەرەکان دژی ئۆکرانیا، لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا کوژراوە.

پێشتر، کەناڵە نافەرمییەکانی تێلێگرامی ڕووسی و ئۆکرانی بڵاویان کردبووەوە کە گودکۆڤ لەگەڵ 10 سەربازی دیکە لە هێرشێکی ئۆکرانیدا بۆ سەر ناوەندێکی فەرماندەیی لە شارۆچکەی کۆرینێڤۆ لە ناوچەی کورسک کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا، کوژراون.

گودکۆڤ یەکێکە لە دیارترین ئەفسەرانی سوپای ڕووسیا کە لەلایەن ئۆکرانیاوە تیرۆر کراوە، لەوەتەی مۆسکۆ لە ساڵی 2022ەوە جەنگە گشتگیرەکەی دژ بە ئۆکرانیا دەستپێکردووە.

گودکۆڤ خەڵاتی ئازایەتیی رووسیای پێبەخشراوە لە کارە سەربازییەکانی دژی ئۆکرانیا و کرملینیش تۆمەتباری کردووە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژ بەو وڵاتە.

بەپێی بەیاننامەیەک لە ماڵپەڕی کرملین، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا وەک جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی دەستنیشانی کردووە.

گودکۆڤ فەرماندەی لیوایەکی دەریایی سەر بە کەشتیگەلی زەریای هێمن بووە، کە لە کورسک شەڕی دەکرد. هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێرشێکی کتوپڕدا لە مانگی ئابی 2024دا دەستیان بەسەر بەشێک لە کورسکدا گرتبوو، پێش ئەوەی ڕووسیا لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکاتەوە.