شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئەمنیی، ژمارەیەک سیاسەتمەداری عێراقی پەیامی هۆشدارییان لە لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە پێگەیشتووە، بەشێوەیەک لە پەیامەکاندا هۆشداری دراوە لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و ئاماژە بەوە کراوە کە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە دەدرێتەوە ئەگەر هەر هێرشێک لەدژیان ڕووبدات.
پێگەی تۆڕی هەواڵی عێراقی " INN" بەپشتبەستن بە لێدوانی ئەو سەرچاوە ئەمنییە بڵاویکردۆتەوە، لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە، ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی پەیامی کورت و دەنگییان لە سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێگەیشتووە، کە تێیدا هۆشداری دراوە لە هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق.
ئەوەش هاتووە: پەیامەکان ڕاستەوخۆ بوون و تێیاندا هاتووە: "هۆشداری بۆ میلیشیاکانی ئێران. هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان وەڵامەکەی خێرا و یەکلاکەرەوەیان بەدواوە دەبێت"، هەروەک لەیەکێکی تردا هاتووە: " میلیشیاکان بەردەوامن لە درووستکردنی مەترسیی لەسەر عێراقییەکان، بۆیە مەبنە بوکەڵە بەدەستی ئێرانەوە".
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردۆتەوە کە عێراق بەرەو گۆڕانکاریی ئەمنی و سەربازیی هەستیار و مەترسیدار دەڕوات، و زیادبوونی گرژییەکان لەوانەیە وڵات بەرەو ململانێیەکی ئاڵۆزتر ببات، کە پێویستی بە وریایی زۆر هەیە بۆ ئەوەی نەخلیسکێتەوە ناو ململانێیەکی فراوانەوە.
