شارپرێس:
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی فۆکس نیوز، دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کردووە کە ڕێگە بە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدات، فڕۆکەی جەنگیی B-2 و بۆمبی قەڵاشکێن بنێرێتە ئیسرائیل، ئەگەر بێت و ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
بەپێی ڕۆژنامەی جێرۆزالم پۆست، جۆش گۆتایمەر لە پارتی دیموکرات و مایک لۆلەر لە پارتی کۆماری ئەم پڕۆژە یاسایەیان پێشنیاز کردووە. ئامانجی پڕۆژە یاساکە ئەوەیە کە ترامپ بتوانێت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هەموو سیناریۆیەکی گریمانکراو، ئەگەر ئێران هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی بدات.
گۆتایمەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئێران، کە وڵاتێکی سەرەکیی پشتیوانی تیرۆرە و یەکێکە لە دوژمنە دیارەکانی ئەمریکا، هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت، ئەو وڵاتە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر هاوپەیمانە دیموکراتییە سەرەکییەکەمان، ئیسرائیل. ئیسرائیل دەبێت بتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات و دڵنیا بێت لەوەی ئێران ناتوانێت توانا ئەتۆمییەکانی خۆی دووبارە بنیات بنێتەوە."
بەپێی ڕۆژنامەکە، پڕۆژە یاساکە دەڵێت کە سەرۆک دەبێت پاساوێک بۆ کۆنگرێس پێشکەش بکات، کە بیسەلمێنێت ئەم ڕێوشوێنە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پێویستە، هەروەک پێویستە بیسەلمێنیت کە هیچ ڕێگەیەکی تر لەبەردەم ئیسرائیلدا نییە بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ژێرزەمینیی ئێران."
لە ساڵی 2024دا، ئەمریکا 19 فڕۆکەی جەنگیی B-2ی کارای هەبووە، هەروەک بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، واشنتۆن ڕێگە بە هیچ کام لە هاوپەیمانەکانی نادات خاوەنی فڕۆکەی جەنگیی B-2 بن.
