په‌رله‌مانى ئێران بڕیاریداو ئه‌مڕۆش پزیشكیان واژۆى كرد

جیهان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، یاسای ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەندکرد کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکە پەسەندکرابوو.


ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، یاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکانى لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەندکرد.

ئاماژەی بەوەشدا، دەرکردن‌و پەسەندکردنی ئەم یاسایە لەدوای هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هات.

هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکیان لەژێر ناوی "هەڵپەساردنی هاوکاری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران‌و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" خستەڕوو، دواتر بەپەلە پڕۆژە یاساکە پەسەندکرا.

تاکە بڕگەی ئەم یاسایە دەڵێت:"لەبەرچاوگرتنی پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی‌و یەکپارچەیی خاکی ئێران لەلایەن ئیسرائیل ئەمریکا، بەئامانجکردنی دامەزراوە ناوەکییە ئاشتیخوازەکان‌و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات‌و بەپشتبەستن بەماددەی 60ی ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیماننامەکان لەساڵی 1969، حکومەت پابەندە، دەستبەجێ لەگەڵ پەسەندکردنی ئەم بابەتە یاساییە، بۆ ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، به‌گوێره‌ى پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی‌و سیستەمی پارێزبەندی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، تائەوکاتەی کۆمەڵێک مەرج جێبەجێدەکرێن، لەوانە دەستەبەرکردنی ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران‌و زانا ئەتۆمییەکان".

پێشتر ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران یاساکەی پەسەندکردبوو، پاشان محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران یاساکەی پەسەندکرد، دواتر سەرۆک کۆماری ئاگادارکردەوە کە ئەویش ڕۆڵی خۆی ببینێت کە دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بەفەرمی بڕیارەکە ڕابگەیه‌نێت".

ڕۆژی 25ى مانگى ڕابردوو، پەرلەمانی ئێران بەزۆرینەی دەنگ، پڕۆژەیاسای کۆتاییهێنان بەهەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەندکرد.

لەکۆی 219 پەرلەمانتاری ئامادەبوی کۆبونەوەکە، 210 پەرلەمانتار بەبەڵێ دەنگیان بەپڕۆژەیاساکەدا، تەنها دوو پەرلەمانتار دەنگیان نەخێر بوو.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هیچ کەسێک لەئێران بۆی نییە هاوکاریی ئاژانسەکەو نوێنەرانی بکات؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێت.

ڕۆژى 28ى مانگى ڕابردوو، ڕۆژنامەی کەیهانی نزیك لەڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕاپۆرتێکی  بڵاوکردبوەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەسیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتباركردبوو، داوای دەستگیرکردن‌و دادگاییکردنی کردبوو.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردبوو، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، زانیاریی نهێنی سەبارەت بەناوەندە سەربازیی‌و ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆ ئیسرائیل گواستوەتەوەو لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی فۆکس نیوز بانگەشەی ئەوەیکردبوو، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ی لەشوێنە مێژوییەکانی ئه‌سفەهان شاردوەتەوە.

دواتر مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی، "داواكاری ئێران بۆ دەستگیرکردن‌و سزادانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم قبوڵکراو نییەو ئیدانەی دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوه‌شکردبوو، پشتگیریی لەهەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ چاودێریکردن‌و پشتڕاستکردنەوەکانی لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.

هاوکات بەهۆی هەوڵەکانیان‌و پیشەییبونیان، ستایشی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم‌و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەی كرد.

ڕۆبیۆ داواش لەئێران دەکات ئاسایش‌و سەلامەتی کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ده‌سته‌به‌ربکات.