مەلابەختیار رایدەگەیەنێت: لەماوەی (5 بۆ 10) ساڵی داهاتوودا شتێك نامێنێت بەناوی هێزی چەكدارو گروپی چەكدار كۆنتڕۆڵنەكراو، نە لە عێراق و كوردستان و نە لە ناوچەكەش..
مەلا بەختیار، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی دیموكراسی كە لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەدەچێت وتی: ئێمە لە كوردستانی عێراق فیدراڵیمان راگەیاند، كە تاكە ئەزموونە بەبێ ئەوەی لەگەڵ ناوەندا رێكبكەوین (1992) رامانگەیاند، كوردستان بووە دەروازەیەكەی سەرەكی بۆ هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە عێراقدا روویاندا، شتێك نەبوو بەناو ئۆپۆزسیۆن لە مێژووی عێراقدا، ئەگەر لەگەڵ هێزی شۆرشگێڕی عێراقی كوردستانی نەبوایە، هەموو ئەو هێزە چەكدارانەی شۆرشیان كرد لە هەرێمی كوردستان بوون.
مەلا بەختیار لەبارەی هێزی چەكدارەكانی حزبە سیاسیەكانیش رایگەیاند: لەناو عێراق دەوڵەتی قووڵ هەیە، هێزی چەكداری گەورەتری هەیە لە كوردستان، هەندێك رووداومان بینینى لە بەغداد روویانداوە لە كوردستانیش روویانداوە، پێویستە هێزی چەكدار شەرعی بێت و دەستور جێبەجێبكات و بیپارێزێت.
پێشیوایە، لەماوەی ( 5بۆ10) ساڵی داهاتوودا شتێك نامێنێت بەناوی هێزی چەكدارو گروپی چەكدار لە عێراق و كوردستان، وەك ئەو وتی: نابێت هیچ هێزێك بمێنێتەوەو ناشمێنێتەوە.
راشیگەیاند: دڵنیاتان دەكەمەوە، نە لە عێراق و نە لە كوردستان و نە لە ناوچەكەش گروپە چەكدارە كۆنتڕۆڵنەكراوەكان نامێننەوە، بەوپێیەی بووەتە هۆی ئەوەی كێشەیەكی ئێجگار گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات، ئەمانە حاڵەتێكی تەندروست بوون بۆ ئەوەی دەوڵەت و دامەزراوە پێكبهێنرێت، ئەوە دۆخێكی تایبەت و راگوزەر بوو كە تێمان پەڕاند.
جەختیشكرد لەوەی: بەهیچ شێوەیەك بەشێك نیە لە دۆخێكی سەربازی نەخوازراو نە لە كوردستان و نە لە سلێمانی ئەگەر روویدابێت و بەهەموو شێوەیەكیش رەتیدەكاتەوە، هیواشی خواست ئەوەی لە سلێمانی روویدا لە هیچ ناوچەیەكی تری عێراق روونەداتەوە.
مەلابەختیار لە درێژەی قسەكانیدا وتی: هێزی چەكداری لۆكاڵی و حزبی زیان بە دیموكراسی و زیان بە هاوڵاتیان و ئازادییەكانی هاوڵاتیان دەگەیەنن، بەهیچ شێوەیەكی ئەمە دۆخێكی دروست نییە.
