شارپرێس:
لەلێدوانێکی چاوەڕواننەکراوو سەرنجڕاکێشدا، کە مشتومڕێکی بەرفراوانی لەنێو بازنەکانی سیاسیی تورکیادا دروستکرد، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مهههپه)و هاوپەیمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کرد.
چاودێران دهڵێن، ئەو بانگەوازە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی لەبەرئەوەی باخچەلیو حزبەکەی بەدرێژایی مێژوو بەهەڵوێستی توندڕەوانەو ڕەگەزپەرستانە بەرامبەر بەکوردو دژایەتیکردنی هەر داواکارییەکی تایبەت بەمافەکانیان ناسراون.
دەمیرتاش بەیەکێک لەدیارترین ڕوخسارە سیاسییەکانی کورد لەتورکیا دادەنرێتو لەتشرینی دوەمی 2016وە بەتۆمەتی پەیوەست بەتیرۆر لەزینداندا ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
لەساڵی 2024دا سزای 40 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، جگە لەسزای پێشوتری دوساڵ زیندانیکردن لەساڵی 2021 بەتۆمەتی "سوکایەتیکردن بەسەرۆک کۆمار".
لەبەرامبەردا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوو بڕیاری دەرکردوە کە تێیدا جەختیکردوهتەوە لەوەی، دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانیەتیو داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردوە.
بانگەوازەکەی باخچەلی هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه) کە داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا دەکات، ئەم پرۆسەیە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە بەهۆی ڕاگەیاندنی فەرمی وازهێنانی پەکەکە لەخەباتی چەکداری دژی دەوڵەتی تورکیا لەمانگی ئایاری ڕابردودا، کە ئەمەش بهگوێرهى ئاراستەکردنەکانی خودی ئۆجەلانو بەنێوەندگیریی پارتییەکەی دەمیرتاش بوو.
وادیارە ئەم پەرەسەندنانە گۆڕانکاریی لەهاوسەنگی هێزە سیاسییەکاندا هێناوەتە ئاراوە، چونکە پارتی یەکسانییو سیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەک پێشوتر لەپێگەی دژایەتیکردنی سەرسەختانەی ئەردۆغانو حزبە دەسەڵاتدارەکەی نەماوە.
لەبەرامبەردا، پارتی گەلی کۆماری (جهههپه) بەسەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەلو ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، وەک هێزی سەرەکی لەڕوبەڕوبونەوەی ئەردۆغاندا ماونەتەوە، سەرەڕای فشارە دادوەرییەکانو زیندانیکردنی هەندێک لەسەرکردەکانیان.
چاودێران پێیانوایە، داواکەی باخچەلی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش ئامانجی لێی نیشاندانی شێوەیەک لە"کرانەوەی سیاسی"یە پێش هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوو، کە ئەمەش وێنەی ڕژێمەکە لەناوخۆو دەرەوەدا بەهێزدەکاتو ڕێگە بەئەردۆغان دەدات کە سەرنجی خۆی بخاتەسەر ڕوبەڕوبونەوەی ڕکابەرە سەرەکییەکەی لەپارتی گەلی کۆماری (جهههپه).
لەبەرئەو هۆکارە، کاتێک باخچەلی وتی:"ئازادکردنی دەمیرتاش بۆ تورکیا باشە،" نەیارانی لەوەڵامدا وتیان، "بەڵکو بۆ ئەردۆغان باشە".
