ئۆزگور ئۆزێل: ئەوانەی شانازییان بەسزادانی دەمیرتاشەوە دەكرد دەبێت داوای لێبوردن بكەن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1657 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جه‌هه‌په‌) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەوانەی شانازییان بەسزادانی دەمیرتاشەوە دەكرد دەبێت داوای لێبوردن بكەن"، ده‌شڵێت، "ڕاشکاوانە بڵێم، ئێمە داوای لێبوردن دەكەین".


ئۆزگور ئۆزێل سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) لەکۆبونەوەی گروپی پەرلەمانیی حزبەكەبدا ڕایگەیاند، "داواکارییەک بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش پێشکەشکراوە، دەوڵەت باخچەلیش وتویه‌تى، ئازادکردنی دەبێتە مایەی خێرو سودی بۆ توركیا دەبێت".

ئۆزێل پرسیاری ئەوەشیكرد، "باشە ئەوانەی دوێنێ شانازییان بەزیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوکسەکداغەوە دەکردو ئەوانەی شانازییان بەهێشتنەوەی عوسمان کاڤالا لەناو زیندان دەکرد، ئەگەر بڵێن ئەمڕۆ ئەمە باشترین شتە، ئایا قەرزاری ئەوەنین لێبوردنیان لێبكەن؟".

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لەدرێژەی قسەكانیدا وتی، "ڕاشکاوانە بڵێم، ئێمە داوای لێبوردن دەكەین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەوکات دژایەتیمان کرد، هەرچەندە لەکۆی 120 نوێنەری جەهەپە 100 پەرلەمانتاریان دژی دەنگیاندا، هەرچەندە ئێمە دژایەتیمان کرد، بەڵام جەهەپە بەرپرسیارێتی دەنگی 20 ـ 25 نوێنەری لەئەستۆیە، بۆیە من بەسیفەتی سەرۆکی ئێستای پارتەکە داوای لێبوردن لەتورکیاو گەلی تورکیا دەکەم بۆ ئەو هەڵەیەی لەو ڕۆژەدا كرا".