شارەزایەکی ئەمریکی: ئایا هێرشی سەر کۆمپانیا غازییەکان هانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەدات هەرێمی کوردستان جێبهێڵن؟

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاوڵ سولیڤان، شارەزای ئاسایشی وزەی ئەمریکی، بەدوریزانیوە کە هێرشە نوێیەکانی سەر کێڵگە غازییەکان لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ناچار بکەن دەستبەجێ لەناوچەکە بکشێنەوە، ئاماژەی بەوەشداوە کە دۆخی هەرێم هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی "راگرتنی کارکردن".

 
لەبارەی بۆمبارانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر و کاریگەرییەکەی لەسەر ئایندەی وەبەرهێنانی بیانی، سولیڤان بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: "زۆرێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و غاز توانایەکی بەرزیان هەیە بۆ بەرگەگرتنی مەترسییەکان"، بەڵام وتوشیەتی کە ئەم "توانایە ڕەها نییە".

سولیڤان میکانیزمی مانەوە یان کشانەوەی ڕوون کردۆتەوە: "ئەگەر مەترسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە بە بەراورد بە قازانجە چاوەڕوانکراوەکانی وەبەرهێنان، لەوانەیە ئەم کۆمپانیایانە بیر لە مانەوەیان بکەنەوە"، ئاماژەشی بەوەدا کە "قەبارەی ئەم بیرکردنەوەیە لەسەر ئەو گرێبەستانە دەوەستێت کە کۆمپانیاکانی وزە و بەڵێندەرەکانیان لەگەڵ حکومەت و لایەنەکانی دیکە واژۆیان کردووە".

سەبارەت بە ئەگەری پەنابردنی کۆمپانیاکان بۆ بڕگەی "دۆخی لەناکاوی نائاسایی" بۆ کشانەوە، شارەزا ئەمریکییەکە ڕوونی کردۆتەوە: "دۆخی لەناکاوی نائاسایی یەکێکە لە دەرچەکانی گرێبەستەکان لە بارودۆخە زۆر سەختەکاندا، واتا کاتێک ڕووداوە توندەکان بە شێوەیەک سەیر دەکرێن کە کارکردن یان بەردەوامبوون لە وەبەرهێنان بە شێوەیەکی مەحاڵ دەردەخەن".

سولیڤان لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا وتی: "پێموانییە هێشتا گەیشتبینە ئەو قۆناغە".

لەبارەی پێشبینی هەڵوێستی ئەمریکا و ئەوەی کە ئایا واشنتۆن فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ دابینکردنی پاراستنی فیدراڵی بۆ کێڵگەکان، دوای لێدوانەکانی مارک سڤایا، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق، سولیڤان وتی: "لەوانەیە ئیدارەی ئەمریکی فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ پاراستنی کێڵگەکان و ژێرخانی ئابووری".

لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە ناڕوونیی دیمەنی سیاسی لە واشنتۆن کرد و وتی: "هەندێک جار ئەم ئیدارەیە لە بڕیارەکانیدا پێشبینینەکراوە".


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە