ئایا هەڕەشەکەی ترەمپ، چارەنوسی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەگۆڕێت؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نزیکەی هەفتەیەکە ئێران بەدۆخێکی خۆپیشاندانی جەماوەریی فراواندا تێدەپەڕێت وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەخراپبونی دۆخی ئابوریی‌و بارو گوزەرانیان‌و ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ش بەگەورەترین بزوتنەوەی ناڕەزایەتی دادەنرێت لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا.


خۆپیشاندانانەكان دوای داڕمانی بەهای دراوی نیشتیمانیی ئەو وڵاتەو بەرزبونەوەی خێرای نرخەکان دێت، لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ دەستێوەردان ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران توندوتیژیی زۆر دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنن.

پریشکی خۆپیشاندانەکان لەبازاڕە بازرگانییەکانی تارانەوە دەستیپێکرد، کاتێک کاسبکارو فرۆشیارانی مۆبایل‌و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان هاتنەسەر شەقام‌و ناڕەزایەتییان دەربڕیی بەرامبەر زیانلێکەوتنیان بەهۆی داڕمانی دراوی نیشتمانییەوە، پێشئەوەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەکە بۆ ناوچە جیاوازەکانی ناوەوەو دەرەوەی پایتەخت بڵاوببێتەوە، وەک هەمیشە لەئێران، قەیرانی ئابوری وەک پریشکێکی سەرەتایی دەستیپێکردو بەخێرایی گۆڕدرا بۆ داواکاریی‌و دروشمی سیاسیی.

تائێستا خۆپیشاندانەکان بونەتە هۆی کوژرانی حەوت کەس، کە شەشیان خۆپیشاندەربون‌و یەکێکیان ئەندامی هێزەکانی "بەسیج"ی سەر بەسوپای پاسداران بوه‌.
لەگەڵ ئەوەشدا چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، قەبارەو فراوانیی خۆپیشاندانەکانی ئێستا، هێشتا نەگەیشتونەتە ئاستی بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو، وەک "بزوتنەوەی سەوز" لەساڵی 2009 یان خۆپیشاندانەکانی 2019و 2022.

شارەزایان پێیانوایە، دەسەڵاتی ئێران میکانیزمی پێشکەوتوی بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان پەرەپێداوە لەڕێگەی بەکارهێنانی "سەرکوتکردنی هەڵبژێردراو"و کۆنترۆڵکردنی ئاستی توندوتیژیی، بەسودوەرگرتن لەئەزمونەکانی پێشوی وەک سیستەمێک کە لەناو شۆڕشێکەوە لەدایکبوە.

هەروەها تێبینیی نەبونی ئاماژە یەکلاکەرەوەکان دەکەن بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی، بەتایبەتیی دەرنەکەوتنی جیابونەوە لەناو دەسەڵاتداران یان هەڵوەشانەوە لەدەزگا ئەمنییەکاندا.

چاودێران ده‌ڵێن، "دوو هۆکار هەن کە ڕەنگە ڕێڕەوی ڕوداوەکان بگۆڕن: یەکەمیان قەیرانی توندی ئاوە کە دەرەنجامی خراپ بەڕێوەبردن‌و بەفیڕۆدانی ژینگەییە، ئەمەش ڕەنگە توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان کۆبکاتەوە کە کۆنترۆڵکردنیان لەڕوی ئەمنییەوە ئەستەم بێت، دوەمیش هەڵوێستی ئەمریکایە، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی دەستێوەردانی کرد ئەگەر ئێران تەقە لەخۆپیشاندەران بکات‌و توندوتیژییان بەرامبەر بەکاربهێنێت جەختیکردەوە، واشنتۆن ئامادەیە بۆ جوڵەکردن".

لەبەرامبەردا، تاران بەتوندی وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکای دایەوەو هۆشداریدا کە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی، سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێکدەدات‌و جەختیشیکردەوە، ئێرانییەکان توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە لەڕێگەی گفتوگۆی ناوخۆییەوە.

وێڕای ئەوەی داهاتوی خۆپیشاندانەکان پشت بەهۆکارە تەقلیدییەکان دەبەستێت وەک بڵاوبونەوەی جوگرافی‌و توانای یەکخستنی توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، بەڵام ئەمجارە هۆکاری دەرەکیی ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕێت لەهاوکێشەی ململانێی نێوان شەقام‌و دەسەڵاتدا.