شارپرێس:
دەرکردنی دراوى نوێ لەلایەن
بانکی ناوەندیی سوریاوە شەپۆلێکی کاردانەوەی لەنێو سورییەکان لێکەوتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی
تێکەڵەیەک بوو لەپێشوازییو ڕەخنەو گاڵتەجاڕیی، زۆرکەس ئەو هەنگاوەیان وەک داخستنی
لاپەڕەیەکی ڕەمزیی لەسەردەمی حوکمڕانی حزبی بەعسو بنەماڵەی ئەسەد سەیر دەکرد، ئەمەش
دوای لابردنی وێنەی بەشارو حافز ئەسەد لەسه‌ر دراوەکان، كوردیش ڕه‌خنه‌ى هه‌یه
باس له‌وه‌ده‌كات، هیچ ڕاوێژێكیان پێنه‌كراوه.
لەمەراسیمێکی فەرمیدا
کە لەدیمەشق بەڕێوەچوو، ئەحمەد شه‌رع سه‌رۆكى سوریا‌و عەبدولقادر حه‌سری پارێزگاری
بانکی ناوەندیی سوریا، خستنەبازاڕی دراوی نوێی وڵاته‌كه‌یان ڕاگەیاند کە ڕەنگو دیزاینه‌كه‌ى
لەژینگەی سوریا‌و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە ئیلهامیان وەرگرتووە، وەک (گەنم، زەیتون،
پەتاتەو گوڵەبەڕۆژەی دیمەشق).
دەسەڵاتدارانى سوریا
باسیان لهوهكردوه، ئاڵوگۆڕی دراو بەگوێره‌ى خشتەیەکی باش بەڕێوەدەچێت، هاوڵاتییانیشیان
دڵنیاکردەوە، دراوی کۆن بەهاکەی دەستبەجێ لەدەستنادات.
دا‌واشیان لەخەڵکى وڵاته‌كه‌یان
کردوه، پەلەنەکەن لەپرۆسەی ئاڵوگۆڕکردن بۆ ئەوەی هەڵاوسان لەنرخی ئاڵوگۆڕو شمه‌ك ڕونەدات.
لەسۆشیال میدیا، سورییەکان
پێشوازییان لەدراوی نوێ کردوه وەک هێمای گۆڕانکاریی‌و دورکەوتنەوە لەوێنهى سهرۆكو
بنه‌ماڵه‌یى له‌سه‌ر دراوهكانو هەندێکی دیکەش، ڕەخنەیان لەنەبونی هێما مێژویی‌و
کولتورییەکانی سوریا گرتوه، بەلەبەرچاوگرتنی ئه‌وه‌ى دیزاینەکان، زیاتر هاوشێوەی
کارت یان دراوی ئەوروپى.
هەندێک لەبەکارهێنەران
پەنایان بۆ گاڵتەجاڕی بردوه‌و هەندێکی دیكه‌ش وتویانه، سەقامگیریی دراو‌و باشتربونی
دۆخی ئابوری گرنگترە لەدیزاین.
بەشێکی دراوە نمایشکراوەکان
بریتیبون لە 100 لیرەیی، 200 لیرەییو 500 لیرەیی، دراوەکان وێنەی ئەو بەرهەمانەیان
لەسەرە کە وڵاتەکە پێیان دەوڵەمەندە، لەسەر دراوی 100 لیرەیی وێنەی پەموو هەیە، لەسەر
200 لیرەیی زەیتونو لەسەر 500 لیرەییش وێنه‌ى گەنم بونى هه‌یه.
بڕیاروایه لەمڕۆ یه‌كه‌م
ڕۆژى ساڵى نوێى 2026وه، بڕیارى گۆڕینی دراوە کۆنەکان بەدراوی نوێ دەستپێبکات کە تێیدا
دوو سفر لەسەر دراوەکە لادەبرێو وێنەی سەرکردەکانی دەسەڵاتی پێشوو لادەبرێن.
حکومەتی نوێی سوریا بەرزکردنەوەی
بەهای لیرە وەک یەکێک لەگەورەترین ئامانجەکانی خۆی دەبینێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهای
دراوەکە لەساڵی 2011وە بەشێوەیەکی دراماتیکی دابەزیوە.
ئەم گۆڕانکارییە داراییانە
هاوکاتن لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی ناسراو بە"قەیسەر" لەلایەن ئەمریکاوە کە
چاوەڕواندەکرێت ڕێگە بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ سوریا خۆشبکاتو ببێتە
هاندەرێک بۆ سەقامگیریی ئابوریی درێژخایەن.
ئیداره‌ى خۆسه‌ریش له‌باره‌ى
گۆڕانكارییه‌كانى دراوى سوریادا ڕه‌خنه‌ى هه‌یه‌و ده‌ڵێت، "ده‌بوو له‌پرۆسه‌یه‌كى
گرنگى له‌و شێوه‌یه‌دا ڕاوێژیان پێبكرایه وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى سه‌ره‌كى سوریا".
جه‌ختیشده‌كاته‌وه،
ئه‌وان پشتیوانیى باشبونى دۆخى دارایی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن،
"ناكرێ هه‌مان عه‌قڵیه‌تى وه‌لانان كه ڕژێمهكهى ئه‌سه‌د گرتبویه‌به‌ر، ئێستا
دوباره‌و چه‌ند باره بكرێته‌وه".
