شارپرێس:
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و گرانیی تاقەتپڕووکێن و خراپیی ژیان بڕستیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بڕیوە و ئەمە یەکەمجار نییە کە خەڵک بێنە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەیەکی مەدەنییانە دەرببڕن، بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە هەرجارە و بە دڕندەترین شێوە وڵامی داواکانی خەڵکیان داوەتەوە و بە توندترین شێواز سەرکوتیان کردوون".
حیزبی دیموکرات لەڕاگەیەندراوەکەیدا ڕونیکردەوە "ناشارەزایی، نابەرپرسایەتی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات و خەرجکردنی بۆ مەرامە دژەمرۆییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە لایەک و دزی و ئیختلاسی لەڕاددەبەدەری مافیاکان و دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەو هۆکارانەن کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێرانیان بە جێگایەک گەیاندووە کە توانایی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ بنەماڵەکانیان نەماوە".
هەروەها حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەشڵێت "لەو باوەڕەدایە، کێشە کەڵەکەبووەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران تەنیا لە کێشەی ئابووریدا کورت نابێتەوە و ئەمە پێش لە هەموو شتێک نیشانەی قەیرانێکی سیاسییە کە لەمێژساڵە بەرۆکی خەڵکی گرتووە و تا کاتێک ئەم ڕژێمە لە سەرکار بێ دۆخی خەڵک بەرەو خراپتربوون دەڕوا و کۆماری ئیسلامی نە دەیهەوێ و نە توانایی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەیە. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بازاڕییان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەو باوەڕەدایە تا ئەو کاتەی هەموو چین و توێژەکانی خەڵک یەکڕیز و یەکگرتوو هەوڵەکانیان بۆ ڕزگاربوونیان لە دەست ئەم ڕژێمە تاوانبارە چڕ نەکەنەوە کۆماری ئیسلامی هەروا درێژە بە حکوومەت و سەرکوتی خەڵک دەدا."
