بەرپرسێکی باڵا: کۆبانێ بۆ کوردستانیان ناوەنده‌

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 293 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:

کارگێڕێکی باڵای کۆبانێ، فێرهان حاج عیسا، ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ کۆبانێ ناوەندی ڕۆژاڤا و کوردستان بەگشتییە و دەڵێت: "کۆبانی ئێستا لەسەر ڕێچکە ڕاستەکەی خۆیەتی و وردە وردە بەرەوپێش دەچێت و شایەنی بەرخۆدانی کۆبانێیە".

کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورد و کوردستاندا کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکخست، دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ئۆکتۆبەری 2014 لە سێ لاوە هێرشێکی دڕندانەیان بۆ سەر کۆبانێ دەستپێکرد.

شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکی قارەمانانەیان لەدژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامدا. گەریلاکانی پەکەکە و کوردانی باکووری کوردستان و هێزی پێشمەرگە و کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوونە ناو شەڕەکەوە و بە هاواری کۆبانێ هاتن.

دوای ئەوەی کورد لە شاری کۆبانێ یەکگرتوو بوون، شکستیان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێنا و دوای بەرخۆدانێکی ١٣٤ ڕۆژ، لە ٢٧ی ١ی ٢٠١٥، شاری کۆبانێ لە داعش پاککرایەوە و کورد ئێستا تەواوی ناوچەکەیان لە کۆبانێ تا ڕەقە، دێرەزۆر، تەبقەو هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات کۆنترۆڵکردووە.

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی یازدەهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ، شارپرێس چووە شاری کۆبانێ و لەگەڵ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی کانتۆنی فورات، فێرهان حاجی عیسا، سەبارەت بە شوێنی کۆبانێ بۆ کورد، دۆخی خزمەتگوزاری و مەترسییەکانی سەر کۆبانێ، دیدارێکی ئەنجامدا.

سەبارەت بە ڕەوشی خزمەتگوزاری لە شاری کۆبانێ، حاج عیسا ڕایگەیاند کە هێشتا کێشەی خزمەتگوزاری لە کۆبانێ هەیە، وەک کارەبا و ئاو. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تا ئێستا ئیدارەی خۆسەر هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە سەرەتاییەکانی خزمەتگوزاری و لە هەوڵی چارەسەرکردنیاندایە".

دەشڵێت، بۆ نموونە لە ڕووی کارەباوە دۆخی کارەبای ئێستا باشە و ئاویش لە ڕووباری فوراتەوە دێت، بەڵام تورکیا بۆردومانی کرد، یەکسەر پرۆژەیەکی ترمان دروست کرد بۆ هێنانی ئاو بۆ کۆبانێ لە گوندەکانی ڕۆژئاوای کۆبانێ، ئاویشمان هێنا. ڕاستە ئەم پڕۆژەیە بەشی کۆبانێی دابین نەکرد، بەڵام نەمانهێشت کۆبانێ تینوو بێت. لەم کاتەدا ئێستا خەریکی ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەکەی دیکەی ئاوین.

دەشڵێت: "بە گشتی کۆبانێ هێشتا پێویستی بە کاری زۆرە، بەڵام ئێستا کۆبانێ لەسەر ڕێگای ڕاستە و وردە وردە بەرەوپێش دەچێت و شایەنی بەرخۆدانی کۆبانێیە".

کاتێک پەیامنێرەکەمان پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا هێشتا مەترسی لەسەر کۆبانێ هەیە، ئەو بەرپرسە لە وەڵامدا وتی: "ڕاستە، هێشتا مەترسی لەسەر کۆبانێ و لەسەر هەموو سوریا هەیە، و داهاتووی سوریاش هێشتا نادیارە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی نوێ لە دیمەشق پێکهێنرا و ئەم حکومەتە دەیەوێت بە فۆڕمی تایبەتی خۆی لە ئیسلامی توندڕەو حوکمڕانی سوریا بکات”.

فێرهان سەرنجی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ و گرنگییەکەی بۆ کورد ڕاکێشا و ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "کۆبانێ و کوردستان و گەلەکەی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئەم ئاستە، کاری خەڵکی کوردستانیش لە ڕزگارکردنی کۆبانێدایە. کۆبانێ ناوەندی ڕۆژاڤا و ئەمڕۆ بە گشتی کوردستانە. بۆیە ئەگەر کۆبانێ تێکشکێنرێت، هەموو ڕۆژاڤای کوردستان شکست دەهێنن".

دەشڵێت: "کۆبانی ناوەندی شۆڕشی 19ی تەمووز بوو، بۆیە کۆبانێ دەبێتە ناونیشانی گۆڕانکاری لەناو سوریادا".