لەباشووری ئێران خۆپیشاندەران باڵەخانەی قایمقامیەتی شارێکیان کۆنترۆڵ کرد

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە چوارەمین ڕۆژیدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران بەردەوامەو ئاڵۆزییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان پەرەی سەندووە.

لە شاری فەسا سەر بە پارێزگای فارس لە باشووری ئێران، هاووڵاتیان دوای شکاندنی دەرگاکانی باڵەخانەکە، هەڵیانکوتایە سەر قایمقامیەت و توڕەیی خۆیان لە بەرزبوونەوەی نرخ و سەرکوتکردن و نادادپەروەری دەربڕی.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەران توانیویانە دەست بەسەر بینای حکومەتی خۆجێیی فەسادا بگرن، ئەوەش دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا ڕێگری لێبکەن.

بەگوێرەی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، بڵاوەپێکردنی زۆری هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری باڵەخانە حکومییەکان و شەقامەکانی شارەکە هەیە، بەبێ ئەوەی زانیاری ورد لەسەر ژمارەی بریندارەکان یان دەستگیرکراوەکان بزانرێت.

لە ئیسفەهان و شیراز بازاڕەکان دەرگاکانیان داخست لە چوارچێوەی شەپۆلی مانگرتن کە بازرگانان و پیشەسازییەکان تێیدا بەشداربوون. هەروەها شارەکانی کرماشان، ئەسەدئاباد، هەمەدان و دێهلۆران شایەتی بەشداری بەربڵاوی مانگرتنەکان بوون کە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی مەودای ناڕەزایەتییەکان و پەرەسەندنی تێوەگلانی کەرتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانە.

هەروەها گرتە ڤیدیۆییەکان لەکرماشان، کۆبوونەوەی بەرفراوان لە نزیک گۆڕەپانی موسەدەق نیشان دەدەن، کە خۆپیشاندەران دروشمیان دژی هێزە ئەمنییەکان وتەوە و بەردەوامی ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی حکومەتیان دووپاتکردەوە.

ئەم کردەوانە ئاماژەن بۆ درێژەدان و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران بەڕەتکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانە و جەخت لەڕەنگدانەوەی زیادبوونی یەکڕیزی  نێوان هاووڵاتییان و بازرگانان لە سەرانسەری وڵاتدا.