شارپرێس:
لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا پێنج لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، ئێمە وەک پێنج لایەنی سیاسی و سەربەخۆییخوازی کوردستان" پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد، یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان" بە وردی و لە نزیکەوە چاودێریی ڕووداو و ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی ناو جوگڕافیای دەستکردی ئێران دەکەین.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە، "ڕووداوەکان کە لە شێوەی مانگرتن،کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی کاسبکاران و خوێندکاران لە پێوەندی بە ڕەوشی ئابووری و سیاسی بەڕێوە دەچن، قووڵایی قەیرانەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی زیاتر دەردەخەن.ئێمە پشتگیری لە مافی سروشتی و بنەڕەتیی ئەم خەڵکە دەکەین کە بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن، ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقام و بازاڕ و زانکۆکاندا دەبینرێ؛ دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ساڵانێک فەساد و گەندەڵی، سەرکوتکردنی سیستماتیک، لەناوبردنی بژێوی ژیانی خەڵک، گەشەسەندنی هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان و نەبوونی سیاسەتی بەڕێوەبەری و داگیرکارییە".
هەروەها ئەم پێنج حیزبە دەڵێن "ئێران ڕاستەوخۆ لەم دۆخە بەرپرسیارە؛ ڕژێمێک کە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات پەنا بۆ ئەمنیەتی کردن، هەڕەشە و کوشتن،گرتن و تۆقاندن و داگیرکاری و وێرانکردن دەبا.ئێمە هەرچەشنە توندوتیژییەک بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، وەک سەرکوت، دەستبەسەرکردن و فشار لەسەر سەندیکاکانی کرێکاری، خوێندکار و چالاکانی مەدەنی ئیدانە و مەحکووم دەکەین".
لەبارەی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسیان لەوەکردووە " بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسەکە تەنیا گرانبوونی نرخ و قەیرانی ئابووری نییە؛ پرسەکە ئینکاری مافە نەتەوەییەکان، ئینکاری هەویەت و ناسنامە و داگیرکاریی خاک و نیشتمانە. ئێمە ئێرانی ئەمڕۆ بە پێکهاتەیەکی دەستکرد و ساختە دەزانین کە لە سەر خاک و خوێنی نەتەوەکەمان لە ڕێگەی داگیرکاریەوە بنیات نراوە و لە ڕێگەی توندوتیژی و کوشت و کوشتار و بە زۆرەملێ، کوردستانیان کردۆتە کلۆنیی، کلۆمیالیزمی ئێرانی.خواست و ئیرادەی نەتەوەی کورد، ئیرادە و خواستێکی نەتەوەیی و مێژووییە: مافی دیاریکردنی چارەنووس؛کە لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم مافە لەگەڵ وەدیهاتنی سەربەخۆیی، سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی کورد و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان مانا دەگرێ و ئەوە نەتەوەی کوردە کە دەبێ بە ئیرادەی ئازادی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات" .
