پارتى بڕیار له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق ده‌دات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ستكه‌وتون، بڕیاروایه‌، ڕۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان، بەسەرپەرشتیی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكى ئه‌و پارته‌ کۆببێته‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت، "مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى له‌سه‌ر شەش تەوەری كۆده‌بێته‌وه‌، گرنگترینیان بڕیاردانە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق".


له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ شارپرێس ڕایگه‌یاند، كۆبونه‌وه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممەی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و مه‌سعود بارزانیش سەرپەرشتیده‌كات‌و مه‌سرور بارزانى‌و نێچیرڤان بارزانی جێگرانیشى ئاماده‌ ده‌بن.

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى، له‌سه‌ر شەش تەوەری دیاریكراو قسه‌و گفتوگۆ ده‌كات، یه‌كه‌میان، پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌، كه‌ "پارتى ڕۆژى شه‌ممه‌ دوا بڕیارى خۆى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات".

ئه‌وه‌شى وت، "پێنج ته‌وه‌ره‌كه‌ى دیكه‌ بریتین له‌(پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم‌و بەغدا، پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا، لەگەڵ تاووتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق‌و ناوچەکە".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، "ئەو کۆبونەوەیە لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردوەتەوەو پارتی دەیەوێت هەڵوێستی کۆتایی خۆی لەوبارەیەوە دیاریبکات".