ده‌روازه‌یه‌كى هه‌رێم داخرا

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرو تێکچونی کەشوهەوا، هاتوچۆی گەشتیاران لەدەروازەی نێودەوڵەتی (زێت) لەنێوان هەرێم‌و تورکیا بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیرا.


ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، هۆبەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنورییەکان لەئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرو سەختیی ڕێگاکان‌و نالەباریی کەشوهەوا، لەلایەن هەردوو دەروازەی (دەرەجیک) لەتورکیاو (زێت) لەهەرێمی کوردستان، ئاگادارکراینەوە کەوا هاتوچۆ بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیراوە".

لەئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی سەرماو بەفربارینەوە تەواوی ڕێگاکانی ئەو سنورە بەستراون‌و بەهیچ شێوەیەک هاتوچۆی گەشتیاریی تێدا ئەنجامنادرێت.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆ لەدەروازە سنورییەکان دروستکردوە، چه‌ند ڕۆژێكیش به‌شێك له‌ده‌روازه‌كان هاتوچۆى گه‌شتیاریى‌و بازرگانى تێیاندا ڕاگیران.