بۆچی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران نابنە مایەى گۆڕانکارى؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕاپۆرتی شیکاریی-شارپرێس

پوختە
سەرەڕای بەردەوامی قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ئێران، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە دەگمەن دەگەنە ئەوەى گۆڕانکارى دروستدبکەن، گۆڕانکارییەک کە زۆرینەی کۆمەڵگا لە یەک کاتدا و بەهەماهەنگی و ئامادەکاری بۆ قوربانیدان بەشداری کردەی بەکۆمەڵ دەکەن. ئەم نوسینە بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکەکانی شۆڕشناسی، دەروونناسی کۆمەڵایەتی و توێژینەوەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکان، نیشانى دەدات کە نەبوونی ئایدۆلۆژیایەکی هاوبەش، سەرکردایەتی کاریزماتیک، سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئەندازیاری ئابووریی مەترسی، ڕۆڵی فەزای ئەلیکترۆنی لە بەتاڵکردنەوە، نایەکسانی لە هاوسەنگی هێزدا و دواکەوتوویی لە زانینی شێوازى خەباتى سیاسی، لە گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم تەشەنەکردنی ناڕەزایەتییەکانن بەرەو گۆڕانکارى.

ناڕەزایەتی و شۆڕش و پرسی گەیشتن بە لێوار
لە ئەدەبیاتی شۆڕشناسیدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کاتێک دەبێت بە شۆڕش یان بزووتنەوەیەکی بەربڵاو کاتێک کە کۆمەڵگا لە ئاستەنگی لێبوردەیی تێپەڕێت. بەڵام بەزاندنی ئەم ئاستەنگە تەنیا پەیوەندى بە ئاستى هەژاری یان سەرکوتکردنەوە نییە؛ بەڵکو پێویستی بە بوونی سێ ڕەگەزە لە یەک کاتدا: واتا (ئایدۆلۆژیای هاوبەش)، ڕێکخراوبوون (سەرکردایەتی و تۆڕ) و ئیرادەی قوربانیدانی بەکۆمەڵ. لە ئێراندا هەر سێ ڕەگەزەکە لە ڕووی پێکهاتەییەوە ئامادە نییە.

قەیرانی ئایدۆلۆژیای هاوبەش
یەکێک لە مەرجە سەرەتاییەکان بۆ شۆڕش، بوونی وێنەیەکی هاوبەشە بۆ ئایندە، لە کاتێکدا کۆمەڵگای ئێران وێنەیەکی وەها یەکگرتووی نییە: هەندێکیان دەیانەوێت سیستمى پاشایەتی بگەڕێتەوە، هەندێک لیبرالیزمیان پێ باشە،هەندێک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نیشتمانییان دەوێت، وە بەشێکی زۆر لە بنەڕەتدا چاکسازی قۆناغ بە قۆناغیان پێ باشترە.
لە دەروونناسی کۆمەڵایەتیدا ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ململانێی شوناسە بەکۆمەڵەکان؛ کە هەر گروپێک ئەوی تر، نەک وەک ڕکابەرێک بەڵکو وەک خیانەتکارێک دەبینێت. لە ژینگەیەکی ئاوەهادا هاودەنگی شۆڕشگێڕانە دروست نابێت.

نەبوونی سەرکردایەتی کاریزماتیک
 بە پێی تیۆری ماکس وێبەر، سەرکردایەتی کاریزماتیک ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆکردنەوەی شۆڕشگێڕانەدا دەگێڕێت. لە ئێران تاکە سەرکردەیەک نییە کە لەلایەن زۆرینە قبوڵکراوبێت، و هەر کەسایەتییەک کە توانای دەرکەوتنی هەبێت، ڕووبەڕووی تیرۆرکردنی کەسایەتی میدیایی یان بێمتمانەیی مێژوویی دەبێتەوە.
لە ڕوانگەی دەروونناسی سیاسییەوە، کۆمەڵگایەک کە شکستی یەک لە دوای یەک ئەزموون دەکات، ڕشبین دەبێت بەرامبەر بە سەرکردەکان و ئامادە نییە چارەنووسى خۆی بە تاکێک یان بزووتنەوەیەک بسپێرێت.

داڕمانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بەکۆمەڵ
ناڕەزایەتی بەربڵاو پێویستی بە متمانەکردن بەیەکتر هەیە، بەڵام کۆمەڵگایەک کە تێیدا تاک خووی بە کێبڕکێی توندەوە گرتبێت بۆ مانەوە، بەرژەوەندییە کەسییەکان لە پێشینەدان لەبەرامبەر بە بەرژەوەندییە بەکۆمەڵەکان و ئەوی تر بە هەڕەشە دادەنرێت. لە کۆمەڵگایەکی لەم جۆرەدا ڕەنگە لە یەککاتدا چالاکوانان بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام لە ڕۆحدا پێکەوە نین. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە هیچ کەسێک ئامادە نییە قوربانیی بدات بۆ ئەویتر.

ئەندازیاری ئابووریی مەترسی و بێدەسەڵاتی مانگرتنی گشتی
سەرمایەداریی و حکومەتە مۆدێرنەکان فێربوون کە ناڕەزایەتی نەک تەنها بە سەرکوتکردن بەڵکو بە بەڕێوەبردنی بژێوی ژیان جڵەو بکەن. لە ئێران مووچە لە ئاستێکدا جێگیرکراوە کە ئەگەری پاشەکەوتکردن و مەترسیکردن نەمێنێت، بۆ کرێکاران و فەرمانبەران، مانگرتن بە واتای هەڕەشەی دەستبەجێیە بۆ سەر بژێوى ژیانیان کە موچەکەیانە، لە ئەنجامدا ناڕەزایەتییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە چینی ناوەڕاستی شارەکاندا سنووردار دەبن و هەرگیز نابنە هۆی ئیفلیجی ئابووریی سیستمکە.

فەزای ئەلیکترۆنی وەک بەتاڵکردنەوەى دەروونی
 بە پێچەوانەی باوەڕی باوەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەرج نییە تەنها ئامرازی کۆکردنەوە و تەیارکردن بن. لە ڕوانگەی دەروونییەوە لایک و فوارواردکردنى ستۆرییەکان جۆرێک لە ئازادکردن و بەتاڵکردنەوەى سۆزداری دروست دەکات، تاک لەم حاڵەتانەدا هەستی بەشداریکردن و ئارەزووی دادپەروەری ئەزموون دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ بەهایەکى ڕاستەقینە یان بەشدارى پراکتیکی خۆپیشاندانەکان بکات. ئەم دیاردەیە کە دەتوانین بە (چالاکی مەجازی ئەڵتەرناتیڤ) ناوی ببەین، وزەی ناڕەزایەتی پێش ئەوەی بچێتە ناو مەیدانی واقیعەوە، بەکاردەهێنێت.

هاوسەنگی توندوتیژی و واقیعی هێزی سەخت
 ئەزموونی سێ دەیەی ڕابردوو دەریدەخات کە هیچ جوڵانەوەیەکى ناڕازی سەرکەوتوو نابێت ئەگەر لە ڕووى هەواڵگرییەوە، لە ڕووى سەربازییەوە، یان دەستێوەردانی کاریگەرانەی لایەنى دەرەکیی پشتگیری لێنەکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هاوڵاتى بێ چەک بە تەنیا ناتوانێت نەیاری دەوڵەتە چەکدارە مۆدێرنەکان بێت. هۆشیاری بەکۆمەڵ بۆ ئەم ڕاستییە دەبێتە هۆی دروستبوونی عەقڵییەتێکى  کۆنەپارێزانە لە کۆمەڵگادا.

بەئاگانەبوون لە شێوازە مۆدێرنەکانى خەبات
دەوڵەتەکان بە ئاگان لە چۆنییەتى ڕووبەڕووبوونەوەى ناڕەزایەتییەکان و بەردەوام سوود لە ئەزمونى یەکتر وەردەگرن؛ بەڵام خۆپیشاندەران وا نیین. حکومەتەکان چاودێری ئەزموونی ناڕەزایەتییە جیهانییەکان دەکەن، پێشوەختە شێوازەکانی نافەرمانی مەدەنی دەزانن، و میکانیزمەکانی بێلایەنکردنیان پراکتیزە دەزانن، لە بەرامبەردا زۆرجار هاوڵاتی بە ڕێگە بەسەرچووەکانی خەباتەوە دەچنەوە ناو مەیدانەکە؛ ئەو ڕێگەیەى کە پێشتر لە وڵاتانی دیکە تاقیکراونەتەوە و شکستى هێناوە.
شۆڕش لە ئاستی دەروونیدا شکست دەهێنێت پێش ئەوەی لەسەر شەقام شکست بهێنێت
کۆمەڵگایەک کە هێشتا نائاگایانە هاوسۆزییەکى هەیە لەگەڵ دەسەڵات دا، تەنانەت لە ساتەوەختی ناڕەزایەتیدا، فۆرمى دیکەى دەسەڵات بەرهەم دەهێنێتەوە. لە ئێران، کەسی ناڕازی هەرچەندە توڕەیە، بەڵام هێشتا لە ڕووی دەروونییەوە لەو چوارچێوانەی کە پێکهاتەی دەسەڵاتیان لە قاڵب داوە، بیردەکاتەوە: تاکگەرایی توندڕەو، ترس لە لەدەستدان، بێمتمانەیی ڕەگداکوتاو و گەڕان بەدوای چێژێکی دەستبەجێ لەبرى بەشداریکردن لە کردەوەیەکى تێچوو بەرزدا. لەکاتێکدا بەبێ دابڕان لە سەر ئاستی خواست و ئارەزوو، هیچ دابڕانێکى سیاسی درێژخایەن ڕوونادات. خۆپیشاندانەکان لە ئێران زیاتر دەربڕینی ناڕەزایەتییە نەوەک سەرهەڵدانی خواستێکی شۆڕشگێڕانەی یەکگرتوو. لە ئەنجامدا سیستمی سیاسی نەک تەنها لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە، بەڵکو بە پشت بەستن بەم پێکهاتە دەروونییەی خۆپیشاندەرەکان، دەمێنێتەوە.

ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی
کۆماری ئیسلامی تەنیا سیستمێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو خاوەنی ناسنامەیەکی ئایینی شیعەگەرایی ناوازەیە، تۆڕێک لە باوەڕدارانی ئایدیۆلۆژی سەرسەختى هەیە، و هێزگەلێک کە ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن لە پێناو مانەوەیدا. لە تیۆری شۆڕشگێڕیدا، بوونی وەها باوەڕێک، بەربەستێکی جددییە بۆ داڕمان، چونکە تێچووی داڕمانی سیستمەکە بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی شەڕێکی بوونگەرایی بۆ لایەنگرەکانی. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن خاوەن گیانێکى فیداکارى لەو چەشنە نییە.

دەرەنجام
 خۆپیشاندانەکان لە ئێران، نەک لەبەر نەبوونی ناڕەزازیەتى، بەڵکو بە هۆی ناهاوسەنگیی فاکتەرە پێکهاتەیی و دەروونی و سیاسییەکانەوە، سەرتاپاگیر نابێت و ناتوانێت گۆڕانکارى دروست بکات تا ئەو کاتەى ئەم فاکتەرانە بوونى نەبێت: ئایدۆلۆژیایەکی هاوبەش، متمانەی کۆمەڵایەتی، سەرکردایەتییەکی باوەڕپێکراو، و گۆڕینى هاوسەنگی تێچوون و قازانج لە بەرژەوەندى خۆپیشاندەر.