سودانی بەفەرمی كشانەوەی ڕاگەیاندو چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر مالیكی دەدات

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ئاشکرایکرد، محەمەد شیاع سودانی لەبەرژەوەندیی نوری مالیکی سازشی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوەو بەفەرمی لەكاندید بون کشاوەتەوە، لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگییش ڕایگەیاندوە، ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی تر لایەنە شیعەكان كۆدەبنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و ڕاگەیاندنی بڕیارەكە.

فیراس مەسلەماوی، وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕایگەیاند،" محەمەد شیاع سودانی لەبەرژەوەندیی نوری مالیکی سازشی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوەو لەكاندیدبون کشاوەتەوە".
جەختیش كراوەتەوە، كە مەبەست لەکشانەوەکە، کردنەوەی ئەو گرێکوێرەو چەقبەستوە سیاسییەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوو لەبارەی پۆستی سەرۆک وەزیران.

ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارەکە تاکەکەسی نەبوو، بەڵکو بڕیاری سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بوو بەکۆی دەنگ بڕیارەکە دراوە".

وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە  جەختیشی كردۆتەوە،" ئێمە لەهاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، پڕۆژەو دیدگەمان هەیە و بەرژەوەندیی باڵای عێراقمان خستوەتە پێش بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی، ئەمە دوەم دەستپێشخەریی ئێمەیە، دوای ئەوەی دەستپێشخەرییەکمان پێشکەش بەچوارچێوەی هەماهەنگی کرد سەبارەت بەپێوەرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، ئێستاش هەنگاوی کردەییمان ناوە".

هەروەها عەدیلە حەمود، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی "الصباح"ی فەرمی ڕاگەیاندوە، میدیاکان و هێزە سیاسییەکان چەندین ناویان هێنابو، بەڵام ململانێی ڕاستەقینە لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەی چوارچێوە (سودانی و مالکی) بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد،" سودانی بەفەرمی لەکاندیدبونی کشایەوەو پێشوازی لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو لەلایەن مالکییەوە کرد". 

هاوكات، سەرچاوەیەك لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەمیديا عێراقییەكانی ڕاگەیاندوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەكە كۆببنەوە".

وتوشیەتی،"ئەگەر تا پێش کۆبونەوەکە هیچ ناڕەزایەتییەک لەسەر کاندیدکردنی مالیکی نەبێت، ئەوا لەکۆبونەوەکەدا بەفەرمی لایەنە شیعەکان نوری مالیکی دیاری دەکەن وەک کاندیدی کۆتایی پۆستی سەرۆک وەزیران".

باسی لەوەشکرد، ئەگەر نارەزایەتی هەبێت، ئەوا جارێکی دیکە گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنی کەسێک دەستپێدەکەن".