دەستەی مافی مرۆڤ مامۆستایەكی ئایينی ڕوبەڕوی یاسا دەكاتەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3083 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی لێدوانەكانی لەسەر ژنان، مەلا (مەزهەر تاهیر) ناسراو بەمەلا مەزهەر لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە ڕوبەڕوی یاسا دەكاتەوە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بەداخەوە مامۆستایەكی ئایینی لەشاری هەولێر، بەناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لەكەناڵێكی میدیایی لێدوانێكی بڵاوكردوەتەوەو بێڕێزییەكی زۆر بەئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەكات".

دەستەكە دەشڵێت،" لەڕوانگەیەكی تەسكەوە ڕۆڵی ئافرەتی كەمكردوەتەوە لەماڵەوەو وەك خزمەتكارێك وێنای كردوە كە ئەركەكەی تەنها لەماڵەوەیە."

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوی دەستەكەدا ئەوەش هاتوە، "ئەو وتانەی ناوبراو بەتەواوی دژی بنەمای ئایینەكانەو پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و شكۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە ئەو كەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو ڕوبەڕوی یاسا دەكاتەوە، لەبەرئەوەی وتەكانی مەلا مەزهەر، دژی مادەی 14ی دستوری عێراقە كە ئەم مادەیە بەڕونی باس لەوەدەكات، یەكسانی هەیە لەبەینی ژن و پیاو".

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، "هیوادارين وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایان، ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەوكەسانەی پێشێلكاری بەرامبەر خەڵك دەكەن لەژێر ناوی ئایین و مینبەرەكانەوە، بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەكەین، بەڕێزەوەش ڕۆڵی ژنان سەیر دەكەین و بەرز دەنرخێنین."