دانیشتنی دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر سکاڵایەکی یەکێتی بۆ جارى حه‌وته‌م دواخرا

کوردستان

27/12/2023‌ 3516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌گه‌رچى بڕیاربوو ئه‌مڕۆ دوا ڕۆژى دانیشتنى دادگا بێت له‌سه‌ر سكاڵایه‌كى یه‌كێتى، به‌ڵام دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردانی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 21ى مانگى داهاتوو له‌ساڵى نوێدا دواخست.

بریاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ى 12ى 2023 دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەک لەدژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و پرسی کورسی کۆتاکان کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ جاری حەوتەم دواخرا.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان‌و ئارام نەجیب سەرۆکی فراکسیۆنی ڕافیدەین لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوەو تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستوریبونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردوە.

سکاڵاکان پەیوەندییان بە(ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران‌و بازنەکانی هەڵبژاردن)ەوە هەیە.

به‌گوێره‌ى چه‌ند زانیاریه‌ك كه‌ تایبه‌ت ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق پێشنیازی بۆ دادگای فیدراڵیی کردوە کورسی تورکمانەکان بمێنێتەوە بەس دابەشبکرێت‌و سنورى پارێزگاى سلێمانیش دوو کورسی بەربکەوێت‌و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، ئه‌و بژارده‌یه‌ بەهێزترین ئەگەربێ لەجیاتی ئەوەی کورسی تورکمانەکان لاببرێ، به‌ڵام تائێستا پارتى دیموكراتى كوردستان لەگەڵ ئەو دابەشکردنەدا نییە.

پێشتر وەعد مزوری ڕاوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەمیدیای نزیك له‌پارتى وتبوو، "دادگای فیدراڵی بڕیاردانی کۆتایی لەبارەی سکاڵاکەوە بۆ ڕۆژی 27ی ئەم مانگە دواخستوه‌و له‌و ڕۆژه‌دا ده‌بێت دادگاكه‌ كۆتا بڕیارى خۆى ده‌ربكات"، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردانی لەبارەی ئه‌و سکاڵایەى كه‌ تایبەتبوو بەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و له‌لایه‌ن یه‌كێتى‌و ئارام نەجیب سەرۆکی فراکسیۆنی ڕافیدەین لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکرابوو، بۆ 21ى 1ى 2024 دواخست.

ئەو مادانەی لەیاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان ـ عێراق لە111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بەیەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەگوێره‌ى سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادەدەکرێن، بەگوێره‌ى ڕیزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لەهەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بەكاندیده‌كانى خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکه‌شبکات کە ڕێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت.

مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان‌و ئاشوری تەرخاندەکرێت؛ كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دوەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن؛ كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەردەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت؛ كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەردەکەن.
 
ڕۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەنادەستوری داناو ڕایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ی 11ی 2022)، بەپوچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاساو بڕیاری ژمارە 10ی پەرلەمان، کە بەگوێره‌ى بڕیارەکە، پارتی دەیوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش ڕەتیکردەوەو ناکۆکی لەنێوان هەردولادا دروستکرد.
 
لەکۆبونەوەی ڕۆژی 9ى 10ى 2022ی پەرلەمانی کوردستاندا بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31ى 12ى 2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6ى 11ى 2022 تەمەنی خولەکە کۆتاییهات.
 
ڕۆژی 3ی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەدیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوەو مادەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوەدەکرد "هەرێمی کوردستان لەچەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابراو هەرێمی کوردستان هەموی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.