كۆچبه‌ران له‌به‌ریتانیاوه‌ به‌ره‌و فه‌ره‌نسا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

جیهان

07/09/2024‌ 4284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ده‌زگاى لوتكه‌ ئاشكرایده‌كات، "پەڕینەوەی پەنابەران لەبەریتانیاوە بۆ فەرەنسا زیادیکردوە"، ده‌شڵێت:"ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات شتێكى نائاساییه‌، به‌ڵام له‌زیادبوندایه‌".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى دەزگای لوتکە ئاشكرایكردوه‌، "پەڕینەوە لەبەریتانیاوە بۆ فەرەنسا شتێكى زۆر نائاساییە، بەڵام لەزیادبوندایە، کەناڵی ئینگلیز ئەو کەناڵە ئاوییەیە کە کۆچبەران پێیدا دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیاو یەکێکە لەقەرەباڵغترین ڕێگه‌ ئاوییەکانی ئەوروپا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "لەمانگی یەکەوە زیاتر لە100 کۆچبەر لەفەرەنسا بەهۆی پەڕینەوە بەو ئاراستەیە دەستگیرکراون، هەندێکیان بەریتانیایان وەک دەرگایەک بەکارهێنابوو بۆ چوونە ناو فەرەنسا".

ساڵانە دەیان هەزار کۆچبەر بەکەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە بەرەو بەریتانیا، بەڵام هەندێکیان گەشتەکەیان بەئاراستەی پێچەوانە ئەنجامدەدەن، هەرچەندە پەراوێزخراوەو بەشێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لەسەرنەکراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەرەنسا چاودێریی ئەم دیاردەیە دەکەن، کە بەلێشاوی پێچەوانە ناوی دەبەن.