سودانی لەبەردەم ڕوخانی حکومەتەکه‌یدا

مەلەفی تایبەت

10/09/2024‌ 20596 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بێوار عەبدولڕەحمان

ئەگەرچی ماوەیەکە مالیکی‌و هەندێک لەلایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەوڵێکن بۆ ئەوەی سودانی پەکبخەن‌و کۆتایی بەپۆستەکەی بهێنی، بەهۆی بەهێزبوونی هەژمونی بەسەر شەقامی عێراقی‌و بەدەستهێنانی سۆزی خەڵک‌و شەقامی عێراقی کەوا پێشبینیدەکرێت لەئەگەری بەردەوامبوونی سودانی لەپۆستەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەیەکی بەهێزبێت کە پێگەی ئەوانی تر پەکبخات، بۆیە پرسی چاودێرکردنی (جسوسی) دەنگی لەسەر بەرپرسانی باڵای عێراق لەلایەن تیمێکی نوسینگەی (سودانی) خەریکە کۆتایی بەو خەونەی (سودانی) دەهێنێت‌و پێشهاتێکی نوێ لەعێراق بێتە ئاراوە، چونکە (مالیکی) ڕژدە لەسەر کۆتاییهێنان بەو حکومەتە، بۆیە دوو پێشنیازی خستووه‌تە بەردەم (سودانی) یان هەڵبژاردنی پێشوەختە یان دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی، ئەگەر (سودانی) پاساوی ئەوەش بێنێتەوە کە ئەو شەخسی ئاگادار نییە، ئەوا پاساوەکە لاواز دەبێت، چونکە پۆستی گرنگی پڕکردوە لەسودانیەکانی نزیکی وەك:

"حەیدەر سودانی " جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی خۆپارێزیی.
"غەزوان هادی سودانی" بەڕێوەبەری گشتی یاسایی ئاسایشی نیشتیمانی.
"قاسم سودانی" سکرتێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی.
"سیف سودانی" بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی سەوز، ئەوە سەڕەڕای بونی گومان لەسەرئەوەی کە ڕەنگە  نوسینگەکەی سودانی کەوتبێتە ژێر هەژمونی موخابەراتی دەرەکی.


(مالیکی ) ماوەیەکی زۆرە داوا لەسودانی دەکات کە دەبێت کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگاى هەواڵگری دیاریی بکرێت کە سودانی خۆی بەڕێوەی دەبات، لەگەڵ بونی ئەو ڕووداوەی سیخوڕی بیانوی زیاتر دەداتە مالیکی تا لەسەر داواکەی سووربێت بۆ کۆتاییهێنان بەپۆستی سەرۆک وەزیرانەکەی سودانی.

(مالیکی) لەو هەوڵەی تەنها نییە هەریەک لە(عامری‌و ئەکرەم کەعبی‌و شبل زیدی‌و بەشێک لەسەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگه‌ڵن)، بەڵام عەبادی‌و فالح فەیاز‌و حەکیم لەگەڵ مانەوەی سودانین، هەرچی قەیس خەزعەلییە لەنێو لیستی چاودێریکردندا نەبوە وەک باسدەکرێت، بۆیە لەبەرەی سودانی ماوەتەوە بەبێدەنگی، (محه‌مەد جوعی) تیمەکەی وەک باسدەکرێت چاودێری هەڵسوکەوتی تایبەت‌و خێزانی‌و هەموو جوڵەکانی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سیاسی عێراقی کردوە، کە ئەمە  هەرگیز وا ئاسان تێپەڕنابێت، ناکۆکی نێوان هێزە سیاسیەکانی ناو چوار چێوەی هەماهەنگی لەناو حکومەتیش ڕەنگیداوەتەوە زوو زوو دەنگۆی گواستنەوەی سەنگەری فڵان وەزیر بۆ لای لایەنی سیاسی تر بڵاودەبێتەوە.

نوێترینیان پرسی گواستنەوەی سەنگەری (حەیان عەبدولغەنی) جێگری سەرۆک وەزیران‌و  وەزیری نەوتە بۆ لای (خەزعه‌لی) کە مالیکی تەواو توڕە کردەوە، چونکە ئەو پۆستە بەرکەوتەی حزبی دەعوە بووەو (عەبدولغەنی) بەنوێنەرایەتی دەعوە ئەو پۆستەی وەرگرتوە، بەهۆی نزیکی لەخەزعه‌لی پرسی وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەمریکا قورس بوەو ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی داوایانکردووە کە ڤیزای پێنەدرێت، بەهۆی خۆدزینەوەی لەپرسی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران لەپرسی نەوت‌و وزە، لەدۆخی ئێستا کە شەقامی عێراقی هیوای لەسەر هەنگاوەکانی سودانی هەڵچنیوە بۆ گۆرانکاری ئابووری‌و پێشکەوتن‌و خزمەتگوزاریی‌و چاککردنی دۆخی خەڵک‌و دۆخی باشی ئەمنی.

لەئەگەری هەنگاوی ڕووخاندنی پێشهاتێکی نوێ دێتە ئاراوەو ڕەنگە فەوزای سیاسی‌و پشێوی لێبکەوێتەوەو کاربگاتە ئەوەی ڕەوتی سەدریش خۆی بخاتەوە ناو دۆخەکەو ناکۆکی بگاتە پێكدادان، بۆیە پێویستە کورد لەو پێشهات‌و گۆرانکاریانەو دۆخە لایەنگر نەبێت‌و وەک ئەوەی دوای هەڵبژاردن لەنێوان پارتی‌و یەکێتی ڕوویدا لەبارەی دابەشبوونیان بەسەر ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی، چونکە لەهەر قوڵبونەوەی ناکۆکی نێوماڵی شیعی ئەوان پێویستیان بەکورد هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی باڵانسی هێز کە سەدان بەڵێندەدەن‌و پاشان تۆپەکە دەخەنە ناو گۆڕەپانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری ڕاسیست‌و خۆیان لەبەڵێنەکان دەدزنەوە، ئەوە سەڕەرای ئەوەی لایەنگری لەناکۆکی نێوماڵی شیعی دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، بۆیە باشترە هەموو کورد لەبەغدا دووربێت لەئاگری ناکۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و دوورو نزیک نەبێتە لایەنگر.