کێشەکەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەلا بەختیار چۆن ڕوویدا و قەیس خەزعەلی بۆ قسەی لەگەڵ مەلا بەختیار کرد؟

ڕاپۆرت

07/09/2024‌ 4306 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کێشەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەلا بەختیار، سەرکردەی ئەو حزبە نوێ نییە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو کێشەکان تەقینەوە و بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، هێزی کۆماندۆ لە میوانخانەکەی مەلا بەختیار و ناوەندی چاودێر جێگیرکرا.

سەرەتای کێشەکە چۆن ڕوویدا؟

بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی داوا لە مەلا بەختیار دەکات لە کەمپینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی لە یەکێتی بکات، بەڵام مەلا بەختیار ئەو داواکارییە ڕەتدەکاتەوە..

دواتر بافڵ تاڵەبانی لەڕێگەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کە دۆستایەتی لەگەڵ مەلا بەختیار هەیە، دەیەوێت کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیی ئەنجامبدرێت، بۆ ئەو مەبەستە قەیس خەزعەلی پەیوەندیی بە مەلا بەختیارەوە دەکات، بەڵام ناوبراو جارێکی دیکە ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە..

لەپاش ئەو هەوڵانە بافڵ تاڵەبانی بڕیاردەدات بە زەبری هێز ئەو شوێنانە لە ژێر دەستی مەلا بەختیار دەربهێنێت، دواتریش دەزگای دارایی یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، ئەو شوێنانە موڵکی یەکێتین.

تەقینەوەی ناکۆکییەکانی مەلا بەختیار و بافڵ تاڵەبانی کاردانەوەی دروستکردووە، بەشێك لە هاوڕێکانی ناوبراو کە پێشتر لەنێو یەکێتیدا بەرپرسیارێتییان هەبووە، هۆشداریی دەدەن لەوەی بافڵ تاڵەبانی ئەوەی بەرامبەر مەلا بەختیار کردی، بەرامبەر سەرکردەکانی دیکەش دەکات.

ڕۆژی هەینی مەلا بەختیار لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوڕێکانی ڕایگەیاند، ئێمە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرەو ڕاستەقینە و فرە مینبەری، بەرەو باشتر بەرگریكردن لە ئازادی و دیموكراسین، ئەوانی دیكە یەكێتی نین چونكە نە ئازادیان قبووڵە نە دیموكراسییان قبووڵە، هەتا تەوقی سەریان گەندەڵن.