له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ عه‌زم وه‌ڵامى ته‌قه‌دوم ده‌داته‌وه‌

عیراق

16/09/2024‌ 3326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەعد دەهلەکی پەرلەمانتاری عێراق‌و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لەدیالە لەبارەی پێگەو ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە پەیامێکی وه‌ك وه‌ڵامى محه‌مه‌د حه‌لبوسى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، "هێزی پێشمەرگە بەدەقی دەستور هێزێکی ئەمنی عێراقییەو پشتیوانی سوپای عێراقە، بەکردار سەلماندیه‌تى کە پەرۆشە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق‌و گەلەکەی بەهەموو پێکهاتە جیاوازییەکانییەوە".


ده‌شڵێت:"هێزی پێشمەرگە بەشدارییان لەشەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کردو چەندان شەهیدیانداو  موزایەدە بەسەر لایەنگیرییان بۆ وڵات، مەکەن".

ئەم پەیامەی ڕەعد دەهلەکی نوێنەری پارێزگای دیالە لەپەرلەمانی عێراق، وەڵامە بۆ قسەکانی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم کە لەدژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌و پڕچەککردنی پێشمەرگە قسەیکردوە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هەر لەوەڵامی قسەکانی حەلبوسی، خالیدە خەلیل وتەبێژی بارەگای بارزانی ڕایگه‌یاند، "پێشمەرگە هێزێکی ڕێکخراوەو لەسەردەمێکی پێویستدا بۆ بەرگریی لەژیانێکی شکۆمەندانەو خاکی کوردستان هاتوەتە کایەوەو پێشمەرگە هێمای ئاسایش، سەقامگیریی‌و ئاشتییە".

وه‌كو وتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی داوە، "ئەمە لەکاتێکدایە، دژایەتیکردنی کورد، ئەو دروشمەی سیاسییەکانی عێراق بیانەوێت پۆستێک یاخود دەستکەوتێک بەدەستبهێنن پەنای بۆ دەبەن‌و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن".