ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی مووچەی فه‌رمانبه‌ران گەیشتە شاری بەغدا.
بەپێی میدیای پارتی، بڕیاره سبەی ئەندامانی شاندەكەی هه‌رێمی كوردستان كە لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و خانه‌نشینی گشتیی پێكدێن، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كۆ ببنه‌وه.
ئامانج له چوونی شاندەكە بۆ پرسی مووچەی فه‌رمانبه‌ران و هاوتاكردنی خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌رانی سه‌ربازییه هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی شارستانی، ئەمە جگە لە وردبینیكردنی لیستی ناوی فه‌رمانبه‌رانه له‌گه‌ڵ به‌غدا.
له ئێستادا وردبینییه‌كان لە هەرێمی كوردستان تەواو كراون، به‌مه‌ش پاش تەواوبوونی وردبینی لیستی مووچەی مانگی هەشت، پێویسته حكوومه‌تی عێراق پارەی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.
میدیای پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ مووچەی ئەم مانگە و تەواوی مانگەكان، داوا لە وەزارەتەكان كراوە بایۆمەتری و كۆد بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و هه‌روه‌ها ناوی دووبارەش لە لیستی مووچەدا نەبێت.
یەكێك لە كێشەكان مووچەی فەرمانبەرانی مۆڵەتدراوی بێ مووچە بوو له هه‌رێمی كوردستان كه ئەوەیش چارەسەر كراوە، سه‌باره‌ت ئەوانەشی كه مۆڵەتی بێ مووچەیان وه‌رگرتووه ده‌بێت وه‌ك ئاماژه بنووسرێت كە له مۆڵه‌تدان و مووچە وەرناگرن.