په‌رله‌مانتارێكى پارتى بۆ حه‌لبوسى: GAME IS OVER

کوردستان

16/09/2024‌ 4365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشێکی توند دەکاتەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشوی پەرلەمانى عێراق لەسەر هەڵوێستەکانی ئەمدواییەی بەرامبەر بە پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، ده‌شڵێت:" GAME IS OVER".


ماجد شنگالی په‌رله‌مانتارى پارتى له‌به‌غدا لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی:"یەکێکیان زۆر بوغرا بوو، سنوری خۆی بەزاندو ویستی بەتەنها یاری بکات بەبێئەوەی پابەندی ڕێنماییەکانی ئەو لایەنە هەرێمییە بێت کە پشتیوان‌و سپۆنسەری سیستەمی سیاسیی ئێستایە، بۆیە دەرکراو بۆ ماوەیەکی بێسنور لەیاریکردن بێبەشکرا".

لەبەشێکی تری پۆستەکەیدا دەڵێت:"ئێستا ئه‌وكه‌سه‌ دەستیکردوە بەلاواندنەوەی ئەو لایەنە هەرێمییەو نزیکەکانی لەڕێگه‌ی سات‌و سەودای دیالە تا دەگاتە کەرکوک‌و دواجار ڕەتکردنەوەی پڕچەککردنی پێشمەرگە".

لەکۆتاییدا شنگالی ڕوی دەمی دەکاتە حەلبوسی‌و بۆى نوسیوه‌، "GAME IS OVER".

ڕۆژی شەممە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم ڕایگەیاند، لەدژ بەپڕچەککردنی هێزە ناوخۆییەکانە بەتۆپی پێشکەوتوو، هەروەک هۆشداریشیدا لەمەترسیی خراپ بەکارهێنانی ئەو چەکە لەداهاتودا، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بەهێزەکانی پێشمەرگە.

حەلبوسی ڕاشیگەیاند، ئەو هەنگاوە ڕەنگە ببێتە هۆی لێدان لەئاسایشی کۆمەڵگەیی نیشتیمانیی بەشێوەیەکی گشتیی‌و لەهەردوو پارێزگای نەینەواو کەرکوک بەتایبەتی.

جەختیشیکردەوە، دەبێت ئەو چەکانه‌ تەنها لەدەستی سوپای عێراقدا بێت.