سودانی: ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان نزیکە

عیراق

17/09/2024‌ 286 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، ڕاگەیاندنی وادەی کۆتایی هاتنی بوونی  هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەم نزیکانە دەبێت.  جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق لە قۆناغی شەڕەوە بۆ قۆناغی سەقامگیری ڕۆیشتووە.

 سودانی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵی بلومبێرگی ئەمریکی وتی: ئێمە وادەی کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕادەگەیەنین لە کاتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دژی داعش.  بە ئاماژەدان بەوەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەشێکە لە بەرنامەی حکومەت.

 ڕوونیشی کردەوە، “پاساوی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی هاتووە، پێویست بە بوونی 86 وڵاتیش ناکات، بەپێی دیدگا و هەڵسەنگاندن، دەستمان بە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، کە گفتوگۆی زۆری لەخۆگرتبوو”.

 ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: عێراق ڕێز لە هەڵبژاردنەکانی گەلی ئەمریکا دەگرێت و مامەڵە لەگەڵ هەر ئیدارەیەک دەکات کە متمانەی ئەم گەلە بێت، ئەوەی بۆ عێراق گرنگە، کاراکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی دوو قۆڵی و دروستکردنی پەیوەندییە لەسەر ئەو بنەمایانەی لەو ڕێککەوتنەدا نووسراون. "

 سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆن باسی پرسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان کرد، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووش لیژنەیەکی دووقۆڵیمان لە نێوان سەرکردە سەربازییەکان پێکهێنا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکە.  

ئاماژەی بەوەشکرد، “لیژنەکە گەیشتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ڕێکخستنی کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، و هیوای ئەوە هەبوو کە ئەنجامەکان ڕابگەیەنرێت، بەڵام بڕیاردرا کە ڕاگەیاندنەکە دوابخرێت بە بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ هاوپەیمانی دژ بە داعش”.