وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر دروستبونی کێشە بۆ موچەی فەرمانبەران هاتەدەنگ

ئابوری

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12496 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر دروستبونی کێشە بۆ موچەی فەرمانبەران هاتەدەنگ‌و پابەندبونی خۆی لەدابەشکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دوپاتدەکاتەوە.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوه‌، "لەمدواییانەدا هەندێک لایەن لێدوانێکیان لەزاری تەیف سامی، وەزیری دارایی بڵاوکردوەتەوە، گوایە وەزارەتەکە توانای دابەشکردنی موچەی چەند مانگی داهاتوی فەرمانبەرانی نییە".

ئه‌و وەزارەتە لەڕاگەیەندراوەکەیدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەى ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵی هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە".

وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەندبونی تەواوی خۆی بەخەرجکردنی موچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی‌و کەرتە ئەمنییە جیاوازەکانی عێراق لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دوپاتدەکاتەوە.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لەچوار ملیۆن‌و 100 هەزار فەرمانبەر مانگانە موچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەردەگرن، بەگوێرەی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیش، دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش کە ژمارەیان ملیۆنێك‌و 200 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌ لەئەستۆی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.