خەمیس خەنجەر لەسەر پێشمەرگە وەڵامی حەلبوسی دایەوە

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1040 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دوای لێدوانەکانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم لەسەر پێشمەرگە، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننە دەڵێت "هەڵوێستی گەلی كورد لە مامەڵەی برایانە و مرۆڤانەیان بەرامبەر ئاوارە سوننەکان لە ساڵی 2014 هەرگیز لەبیر ناکەین و بەرز دەینرخێنین".

ئەمڕۆ پێنج شەممە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننە پۆستێکیی لەتۆڕی ئێکس بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەو پێشوازییەمان لەبیرە كە براكانمان لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 لەو ملیۆنان عەرەبە سوننەیان كرد كە بەهۆی تیرۆر و كردەوە سەربازییەكانەوە ئاوارە بوون".

دەشڵێت، "هەڵوێستەكانی گەلی كورد لە مامەڵەی برایانە و مرۆڤانەیان لەگەڵ كەسوكارە ئاوارەكانی خۆیان؛ دەپارێزین و ڕێزی دەگرین و هەمیشە باسی دەكەین".

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە وتیشی، "نابێت حساباتی تەسكی حزبایەتی و دەستكەوتی حزبی لەسەرووی ئەو بەها ئەخلاقی و هەڵوێستە شەرەفمەندایەوە بێت كە ئەركێكە و دەبێت خاڵی دەستپێكێكی سەرەكی بێت لە مامەڵەكردنمان لەگەڵ هەموو پرسەكان لەچوارچێوەی یەك نیشتیماندا".