دوو هەزار و 500 عومرەکاری هەرێم لە سعودیه گیریان خواردووە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 297 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ماوەی پێنج ڕۆژە بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی عێراقەوە نزیكەی 2 هەزار و 500 عومرەكار لە عەرەبستانی سعودیە ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و بەو هۆكارەش توشی زیانی دارایی بوونەتەوە .

هێڵی ئاسمانی عێراق بە هۆكاری ڕێكخستنەوەی گەشتەكان و گۆڕانكاریەكان لە ئاستی خزمەتگوزاریەكان لە هێڵەكەیان، لە 14ی مانگی 9ی 2024، گەشتەكانی لە سعودیەوە بۆ هەرێم و عێراق ڕاگرتووە، ئەوەش عومرەكانی لە وڵاتی سعودیە هێشتووەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و دەبێت ڕۆژانە خۆیان پارەی خواردن و مانەوە بدەن.

رێبوار ئازاد بەرێوەبەری كارگێڕی كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " 2 هەزار و 500 عومرەكارمان بردووەتە وڵاتی سعودیە و گرێبەستمان لەگەڵ هێڵی ئاسمانی عێراقی هەیە، پارەی چوون و هاتنەوەشمان داوە، بەڵام ئێستا هێڵی ئاسمانی عێراق گەشتەكانی ڕاگرتووە، لەكاتێكدا ماوەی مانەوەی عومرەكارەكان تەواو بووە و تەواوی عومرەكاران و كۆمپانیاكان توشی زیانی دارایی بوون."

ڕێبوار ئازاد وتیشی، " ئاگادار كراوینەتەوە كە لە سبەینێوە گەشتەكانی عومرە ئاسایی دەبنەوە و هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتەكانی دەست پێدەكاتەوە".