ئۆکرانیا کۆگایەکەی زەبەلاحی موشەکی ڕوسیای تەقاندەوە

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی دەزگای ئەمنیی ئۆکرانی بەکەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی ڕاگەیاند، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لەناوچەی تڤێر کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لەڕۆژئاوای مۆسکۆوە دورە، کۆگایەکی تەقەمەنی تەقاندەوە.


کۆگاکە کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا بەڕێوەدەبرێت، کە سیستەمی موشەکی تاکتیکی ئەسکەندەرو تەقەمەنی دیکەی تێدا عەمبار کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا ئەو کۆگایەیان کردوه‌تە ئامانج کە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا بەڕێوەی دەبات لەتۆرۆپێتس، کە سیستەمی موشەکی تاکتیکی ئیسکاندەرو سیستەمی موشەکی تاکتیکی تۆچکا یوو بۆمبی ئاسمانی ڕێنماییکراوو تەقەمەنی تۆپخانەی تێدا هەڵگیرابوو.

حکومەتی هەرێمەکە بڵاویکردوه‌تەوە، لەئەنجامی هێرشەکەدا ئاگرێکی گەورە کەوتوه‌تەوە، ئەمەش وایکردوە پارێزگار ئیگۆر ڕۆدینها فەرمانی چۆڵکردنی بەشەکی ناوچەکە دەربکات، لەڤیدیۆکانی سۆشیال میدیادا تەقینەوەی گەورەو ئاگرکەوتنەوە لەکۆمەڵگاکەدا دەرکەوتوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئۆکرانییە دوپاتیکردوه‌تەوە، ئامانجی ئەم هێرشانە بەشێوەیەکی سیستماتیکی تواناکانی موشەکەکانی ڕوسیا کەمبکرێتەوە، لەگەڵ پلانی هێرشی زیاتر بۆ سەر دامەزراوە سەربازییە هاوشێوەکان.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئاگرەکە گەورە بوە، ئەمەش پێویستی بەدەستێوەردانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەبوە.

لەگرتە ڤیدیۆییەکانی دیکەدا تۆپەڵێکی ئاگرینێکی گەورە لەئاسمانی ئەو شەوەدا دەردەکەون، کە دەنگی تەقینەوەیەکی ڕونی هەیە.