شارپرێس:
دوشەممەی ڕابردوو، بهڕێوهبهرى ناحیهى عهربهت، شارهوانیی سلێمانى بەبەڕەڵاکردنی ژمارهیهكی زۆر سهگى گهڕ لهسنورى ناحیهكهیان تۆمەتبارکرد، دوێنێش پێنج کەسایەتیی عەربەت بەنوێنەرایەتیی دانیشتوانی ناحیەکە سکاڵایان لەسەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی تۆمارکرد.
نەبەز محەممەد کە یەکێکە لەسکاڵاکارەکان ئاشكرایكرد، "ئەوکارەی شارەوانیی سلێمانی سوکایەتیکردن بوو بەدانیشتوانی عەربەت، بەجۆرێک وەک بڵێی ئەم ناحیەیە کەسی تێدا ناژی کە بەوجۆرە سەگی گەڕیان تێدا بەڕەڵاکردوە، لەبەرئەوە وەکو پێنج کەسایەتیی عەربەت دوێنێ 18ی ئەیلول؛ بەنوێنەرایەتیی هەموو دانیشتوانی ناحیەکە، لەدادگای بەرایی شارەزور سکاڵامان لەسەرۆکی شارەوانیی سلێمانیو جێگرەکەی تۆمارکرد".
ئهوهشى ڕونكردهوه، زانیویانە شارەوانیی سلێمانی دەیەوێت ئەمڕۆ لیژنەیەک بۆ ئەو بابەتە بنێرێت، بەڵام دەڵێت بەگەڕاندنەوەی سەگەکانیش ئەوان سکاڵاکە ناکشێننەوە، تاوەکو سەرۆکی شارەوانیی لەمیدیاوە بەفەرمیی داوای لێبوردن لەسەرجەم دانیشتوانی عەربەت نەکات.
لەسکاڵاکەی نوێنەرایەتیی دانیشتوانی عەربەتدا هاتوە، "لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە زیاتر لە 50 سەگی تووشبوو بەنەخۆشیی گەڕی لەناحیەکەمان بەڕەڵاکراون، کە بونەتە مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشیی ترسناک لەناحیەکە، داوا لەدادگا دەکەین ڕێکاری یاسایی لەوبارەیەوە بگرنەبەر".
لاى خۆیهوه دابان محەممەد بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت ئاشكرایكردوه، "ئاگاداری سکاڵای ئەو کەسایەتییانەی ناحیەکەینو ئێمەش بەهەمانشێوە ڕۆژی دوشەممە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی عەربەت، سکاڵا لەسەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی تۆماردەکەین".
لهبهرامبهریشدا زەردەشت ڕەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکەدا شارەوانییەکەی لەوکارە بێبەریی کرد، لەبارەی سکاڵاکانەوە وتی، "ئاگاداری ئەو سکاڵایانەو ناردنی لیژنەش نین بۆ ناحیەکە، هیچ زانیارییەکی ئەووتۆشمان لەسەر بابەتەکە نییە".