ده‌سته‌یه‌كى هه‌رێم نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی پاراستن‌و چاککردنی ژینگە نوسراوێکی فەرمی لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات‌و چەند داواکارییەک پێشنیازدەکات کە مەبەست لێی بانگەشەیەکی تەندروست‌و پێشێلنەکردنی مافە ژینگەییەکانە.


دەستەی پاراستن‌و چاککردنی ژینگەى هه‌رێم داوایكردوه‌، کۆمسیۆن لەگەڵ ڕێکخراوە ژینگەییەکان لەهەماهەنگیدا بێت بۆ ئەوەی سەرپێچیکاران‌و دەستدرێژیکارانی سەر ژینگە لەکاتی بانگەشە سزابدرێن.

بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان دوو مافی دەستوری هاوڵاتییان کە یەکەمیان مافی خۆ كاندیدكردن‌و دەنگدانە ئەوەی دیکە مافی هەموو کەسێکە لەژینگەیەکی سەلامەتدابێت، دەستەی پاراستن‌و چاککردنی ژینگە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان داوایەک ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات.

هه‌روه‌ك له‌یه‌كێك له‌پێشنیازه‌كانى ده‌سته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "لافیتەو نوسینەکان لەسەر قوماش‌و کاغەزبن نەک لەسەر فلێکس نایلۆن، کە دواجار بەئاسانی شی نابنەوەو زیان بەڕوەک‌و گیانلبەران دەگەیەنن، پۆستەرەکانیش بەتێپ جێگیربکرێن نەک سیکۆتین هەروەها بزمار بۆ جێگیرکردنیان لەسەر درەختەکان بەکارنەهێندرێن‌و درەختەکان لەهەڵواسینی پۆستەرەکان بەدوربگیرێن".

له‌یه‌كێكى دیكه‌ له‌پێشنیازه‌كانى ده‌سته‌كه‌دا بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن نوسراوه‌، "جوانبینینی پاراستنی هەستی بینین لەهەڵبژاردنی شوێنی هەڵواسینی پۆستەرەکان ڕەچاو بکرێن‌و زیدەڕۆیی نەکردن لەبەهەدەردانی کاغەزو کارتۆن، چونکە کاغەزو کارتۆن بەشێوەیەکی سەرەکی بەرهەمی بڕینەوەی درەختەکانن‌و ماددەی پلاستیکی‌و نایلۆنی نەدرێتە دەنگدەر وەک بانگەشە، لەحاڵەتی بانگەشەکردنیشدا پێویستە ئەوانەی پۆستەرەکان هەڵدەواسن، پاشماوەکان کۆبکەنەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "بەکارنەهێنانی پارکە گشتییەکان‌و باخچەی نێو گەڕەکەکان بۆ بانگەشە، سود وەرگرتن لەشاشەی گەورەی ئەلیکترۆنی‌و تەلەفزیۆنی لەشوێنە گونجاوەکاندا، هاوكات پێویستیشه‌ بەردەوام کۆمسیۆن لایەنەکان لەسزاکانی سەرپێچی ئاگاداربکاتەوە، هاندانی لیستەکان بۆ زیاتر بەکارهێنانی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان لەهەڵمەتی هەڵبژاردن، کۆمسیۆنیش ناوی ئەو لایەن‌و قەوارە سیاسیانە ئاشکرابکات کە پابەندی ڕێساو ڕێنماییە ژینگەییەکان نابن".

له‌سێ پێشنیازى ده‌سته‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، "بەکارنە‌هێنانی بڵندگۆ لەکاتی کۆبونەوەی جەماوەریی‌و خۆدورگرتن لەبەکارهێنانی کاروانی ئۆتۆمبێل بۆ بانگەشە، چونکە هەردوکیان زیان بەهەستی بیستن‌و ژینگە دەگەیەنێت، کۆمسیۆنیش بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژینگە بەدواداچون بۆ پێشێلکارییە ژینگەییەکان بکات، کۆمسیۆن بەهاریکاری مێدیاکان هاوکاربێت لەتێکهەڵکێشکردنی بابەتەکانی ژینگەپارێزی لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردن".