هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى توند له‌ئێرانه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل: وه‌ڵامده‌ده‌ینه‌وه‌

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10344 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنەری ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەسەر هێرش‌و بریندارکردنی باڵیۆزی ئێران لەبەیروت، ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر، سەرۆک کۆماری ئێرانیش دەڵێت:"پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن".


مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە لەتۆڕه‌ کۆمەڵایەتییه‌كان پەیامێکی هاوخەمیی ئاراستە خەڵکی لوبنان کردو داواشی لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردوە ئەرک‌و بەرپرسیارێتیەکانیان جێبەجێبکەن".

هەروەها ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری ئێران لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نامەیەکی پێشکەشی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش‌و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان کردوەو نوسیویه‌تى:"کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ڕێکاری پێویست بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەگرێتەبەر بەرامبەر بەو کردەوە قێزەون‌و پێشێلکارییە یاسایانەی ئیسرائیل، کە بەهۆیانەوە باڵیۆزی ئێران لەبەیروت برینداربوە".

ئیروانی ڕاشیگەیاندووە، وڵاتەکەی بەدواداچونی جیددی لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلوبنان دەکات.

داواشیکردوە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ئەنجوومەنی ئاسایش بەتوندی ئیدانەی کردەوەی تیرۆریستی‌و تاوانە ترسناکەکانی ئیسرائیل بکەن کە دژ بەسەرۆکی نێردەی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلوبنان‌و هەروەها پێشێلکردنی سەروەریی‌و یەکپارچەیی خاکی لوبنان‌و پەلاماردانی خەڵکی لوبنان کردویەتی.

سێشەممە، 17ی ئەیلوولی 2024، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا پیلی ئامێرە بێتەلەکانی پەیوەندی جۆری پێجەری لەسەرتاسەری لونبانی تەقاندەوەو بەوتەی فرانس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان لەو هێرشە ئەلیکترۆنییەدا 12 کەس کوژراون کە دووانیان منداڵن‌و نزیکەی دوو هەزارو 800 کەسی دیکەیش برینداربوون، لە نێویاندا نزیکەی 300 کەس برینەکانیان سەختە کە جیا لە ئەندامانی حزبوڵلا، ئافرەت و منداڵیش هەن.

ئەبیەز ڕاشیگەیاندووە، 460 نەشتەرگەریی چاو و ڕووخساریان بۆ برینداران کردووە و چەندین وڵاتیش تیمی پزیشکی و هاوکاریی تەندروستییان بۆ لوبنان ناردووە.

هەر لە بارەی بریندارانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی لوبنان، پیر حسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاندووە، 95 برینداریان لە لوبنانەوە گواستووە نەخۆشخانەکانی ئێران، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە ئاخۆ باڵیۆزی ئێران لە نێو بریندار گوازاروەکاندایە، ئایا بریندارەکان خەڵکی ئاسایین یاخود ئەندامانی حزبوڵلای لوبنانن.