قائانى به‌په‌له‌ گه‌یشته‌ عێراق‌و ته‌نها شه‌وێك مایه‌وه‌

عیراق

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی، مەبەستی سەردانە لەناکاوو ڕانەگەیەندراوەکەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا ئاشکرادەکات.


بەوتەی ڕەسوڵ ڕازی سەرکردە لەهاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەردانە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەکەی قائانی بۆ بەغدا بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران‌و بەغدا بوو بەشێوەیەکی فراوانتر، هەروا پەیامێکی تایبەتی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئێرانی گەیاندوەتە حکومەتی عێراق، بەتایبەت لەبارەی پێشوازیی‌و میوانداریی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن.

ڕازی ئاماژەیداوە، قائانی کۆبوەنەوەی تایبەت‌و تاکلایەنەی لەگەڵ هەندێک لەلایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی‌و بەشێک له‌گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق هەبوەو ئاگاداریکردونەتەوە کە لەم دۆخە هەستیارەی عێراق‌و ناوچەکەی گرتوەتەوە، پێویستە دۆخی سیاسیی‌و چەکداری هێوربکەنەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوبونەتەوە، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ هەریەک لەهادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، حسێن حمێداوی سەرۆکی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق‌و چەند بەرپرسێکی دیکەی گروپە چەکدارەکان کۆبوەتەوە.

ئیسماعیل قائانی شەوی دوشەممە گەیشتە بەغداو ئێوارەی سێشەممە عێراقی جێهێشتوە، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی کۆبونەوەکانی دەستپێکردوە.