ڕێباز حەملان: دەبێت بەغدا لەهەفتەیەکدا دوو مووچەمان بۆ بنێرێت

کوردستان

17/09/2024‌ 641 جار خوێندراوه‌ته‌وه


یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەولێر و بەغدا ڕێککەوتوون کە تا کۆتایی ساڵی 2024 ناردنی مووچە بەردەوام بێت و ناردنی مووچە گەرەنتی کراوە، هەروەها لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی هەشت و نۆ لەگەڵ خۆی دەبات بۆ بەغدا.

رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بەمیدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاند، بەغدا مووچەی مانگی حەوتی ڕاگرت و تێبینییان لەسەری هەبوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لەلایەن مووچەخۆرانی هەرێمەوە، بەڵام دواتر لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی هەرێم و عێراق بابەتەکە بۆ شاندەکەی بەغدا ڕوونکرایەوە، ئەوانیش بڕیاریان دا داواکارییەکانی هەرێمەکە جێبەجێ بکەن.

دەشڵێت، ئێمە لیستی مووچەی مانگی حەوتمان بۆ بەغدا ناردبوو بەڵام ئەوان مووچەی مانگی هەشتیان بۆ ئێمە نارد، بەڵام لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی هەشت و نۆ لەگەڵ خۆی دەبات بۆ بەغدا.

حەملان ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی لیستی مووچەی مانگی هەشت و نۆ بۆ بەغدا دەنێردرێت، پێویستە بەغدا لە ماوەی هەفتەیەکدا مووچەی هەردوو مانگەکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.