حزبى دیموكرات ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ى ئه‌ندامێكى له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ به‌ئیتڵاعاتى سنه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

07/09/2024‌ 13370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوەندی تەشکیلاتی حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران سەبارەت بەڕادەستکردنەوەی یەکێک لەئەندامەکانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەئێران هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بێهزاد خوسرەوی لەگەڵ دایک‌و خوشکی زیاتر لە 10 ساڵە لەشاری سلێمانی دەژین‌و بەپێچەوانەی ڕاگەیه‌ندراوی ئاسایشی سلێمانی، مانەوەیان لەوشارە یاسایی بوە"، ئاسایش-یش ده‌ڵێت:"بێهزاد بەهۆی نەبونی مۆڵەتی مانەوەو نیشتەجێبون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناوشاری سلێمانی دەستگیرکراوه‌و مۆڵەتی مانەوەو نیشتەجێبونی هەرێمی نییەو بابه‌ته‌كه‌ش پەیوەندیی بەکاری سیاسییەوە نییە".


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ناوەندی تەشکیلاتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) سەبارەت بەڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی یەکێک لەئەندامەکانی ئەو حزبە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ئێران، ڕاگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوەو نوسیویه‌تى:"ئەو هاونیشتمانییە لەدوو هەفتەی ڕابردودا لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسلێمانی دووجار بانگکراوەو جاری دوەم دوای چەند ڕۆژێك بەندکردن‌و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە کراوە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ هەینی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاگەیه‌ندراوێکى بڵاوکردەوەو ده‌ڵێت:"دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هاوڵاتی بێهزاد خوسرەوی بەهۆی نەبونی مۆڵەتی مانەوەو نیشتەجێبون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناوشاری سلێمانی دەستگیرکرا، لەئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە مۆڵەتی مانەوەو نیشتەجێبونی هەرێمی نییەو (ئەو بابەتە)ش پەیوەندیی بەکاری سیاسییەوە نییە".
 
به‌ڵام ناوەندی تەشکیلاتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیه‌ندراوی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە10 ساڵە لەگەڵ دایک‌و خوشکی لەهەرێم لەشاری سلێمانی دەژین‌و بەگوێره‌ى هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لەنشینگەی شاری سلێمانی مۆڵەتی مانەوەو نیشتەجێبونیان وەرگرتوەو مانەوەیان یاسایی‌و بەگوێره‌ى ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم بوە".
 
هەر لەڕاگەیه‌ندراوەکەى حزبى دیموكراتدا هاتوە، "ماوەی حه‌وت ساڵە بێهزادو بنەماڵەکەی ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانن‌و لەهەموو ئەو ماوەیەشدا لەچوارچێوەی یاساو ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسلێمانی ژیاوەو هیچ لادان‌و سەرپێچییەک لەناوبراو ڕوینەداوە کە لەدادگەیەکدا سەلمێنرابێت".
 
حزبی دیموکرات ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی بەکۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکۆنە دەکات‌و باس لەوەدەکات، دەبوایە "دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوایە بەگوێره‌ى یاسا لەدەزگای دادی هەرێمدا بڕیاری لەسەردرابوایە، نەک ئەوەی ناوبراو کە ئەندامی حزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی‌و پەناخوازی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستبکرێتەوە".
 
له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حزبى دیموكراتدا نوسراوه‌، "وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەڕوداوەکە، داوای زانیاریی‌و ڕونکردنەوەی زیاتر لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکان‌و بەدواداچونی یاسایی بۆ بابەتەکە دەکات".
 
ئاسایش باسى له‌وه‌كردوه‌، بێهزاد خوسرەوی بەخواستی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ئێران‌و بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێننامەیەکی یاسایی پێ واژۆکردوه‌ دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەکە، ڕێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەی لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێکراوە.
 
بێهزاد خوسرەوی ساڵی 1987 لەسەقز لەدایکبوەو لە 2014وە نیشتەجێی شاری سلێمانی بوو، هاوكات فۆڕمی پەنابەرێتیی کۆمیسیاریی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و مانه‌وه‌شى له‌هه‌رێمى كوردستان هەبوو.
 
هێزە ئەمنییەکانی سنە ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندییان بەبرای بێهزاد خوسرەوی کردوە کە نیشتەجێی شاری سەقزەو هەواڵی گەڕاندنەوەی براکەیان پێداوەو پێیان وتوە، لەسنە ڕاگیراوەو دەدرێتە دادگا.