عومه‌ر گوڵپى: ئەگەر بەغدا بۆ هاوڵاتییەک لەبەسرەو بەغدا خراپبێت، بۆ هاوڵاتییان لەکوردستان سەرچاوەی خێرو خۆشییە

کوردستان

07/09/2024‌ 7632 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان ئاشكرایده‌كات، چوار سکاڵایان تۆمارکردوە، دەشڵێت، "لەماوەی 20 ساڵی ئابوری سەربەخۆدا، هیچ مانگێک هاوڵاتییان موچەیان بەڕێکوپێکی وەرنەگرتوه‌ سه‌رباریى ".


عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی موچە لەبەغداوە دێت، بەڵام داهاتی ناوخۆ تائێستا بەنادیاری ماوەتەوە، ئەگەر داهاتەکە زیادیکردبێت، بەدڵنیاییەوە کەمینەکردوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "چوار سکاڵامان تۆمارکردوە، یەکێکیان لەمانگی 8ی 2022 تۆمارکراوە، میکانیزمی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان تائێستا لەئاستێکی شایستەدا نییە، یەکێکی دیکە لەسکاڵاکان تایبەتە بەنەخۆشخانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان‌و ڕاپەڕین کە پارەیان بۆ خەرجناکرێت بۆ کڕینی دەرمان‌و پێداویستی پزیشکی".

لەوەڵامی ڕۆژنامەنوسانیشدا گوڵپى جه‌ختیكرده‌وه‌، "بەغدا پابەندی یاسای بودجەی عێراقییەو وەک ئەرکی خۆی نیەت باشی بۆ خەرجکردنی موچە نیشانداوەو وەک ئەوەی لەمانگەکانی پێشوشدا کردویەتی".

ئه‌وه‌شى وت:"ئەگەر بەغدا لەبابەتی گەندەڵیدا بۆ هاوڵاتییەک لەبەسرەو بەغدا خراپبێت، بۆ هاوڵاتییان لەکوردستان سەرچاوەی خێرو خۆشییە، لەساڵی 2013وە کە ئابوری سەربەخۆ دەستی پێکرد تاساڵی 2023 هیچ مانگێک هاوڵاتییان موچەکانیان بەڕێکوپێکی وەرنەگرتوە".

وتیشی، "بەبڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی تەنها هەواڵێک بوو کە هاوڵاتییانی ئەم هەرێمە دڵیان پێ خۆشبوو".